رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای وان لە باکووری کوردستاندا بەفر باری و تەمێکی چڕ باڵی بەسەر ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەدا کێشا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، یەکەم بەفری ساڵ لە بەرزاییەکانی چیای ئەرەک لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان باری، کە سێ هەزار و 204 مەتر لەسەر ئاستی دەریا بەرزە.
تەواوی رۆژ لە پارێزگای وان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەکاندا شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران باری. تەوژمێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە روویکردە شارۆچکەی ئیپەک یۆڵو کە لە دامێنی چیای ئەرەک-ە و یەکەم بەفری ساڵ تێیدا باری.
هاوکات لەگەڵ بەفربارینەکەدا، با و بۆرانێکی بەهێز هەڵیکرد. شوفێری بارهەڵگرەکان لە رێگەی مۆبایلەکانیان دیمەنی شەپۆلەکەی بەفربارینیان تۆمارکرد و ئاماژەیان بەوەدا کە کەشی ناوچەکە زۆر سارد بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، پلەی گەرما لە پارێزگای وان لە کاتی رۆژ 18 پلە و لە کاتی شەودا بۆ 8 پلەی سلیزی دادەبەزێت و لە ئەگەری بەردەوامی بەفرەکە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بگاتە پێنج پلەی سیلیزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ