مەسرور بارزانی لەبارەی رووداوەکەی عەربەت: پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و راستییەکان ئاشکرا بکرێن

19-09-2023
نیشانەکردن مەسرور بارزانی عەربەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن. 
 
لە راگەیەندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-9-2023) ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت دڵگرانی کردووین. پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستیيەکان ئاشکرا بکرێن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی حکومەت دەڵێ "سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین، کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
 
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.

 

هەروەها دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، بۆردوومان بووە و لە ئەنجامیدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. دژەتیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە شاری سلێمانی پێ کراوە، لە سنووری تورکیاوە هاتووەتە ئاسمانی عێراق، دەشڵێت "ئەو دەستدرێژییە چەندبارەبووانە لەگەڵ بنەمای دراوسێیەتیی باش ناگونجێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە