رووداو دیجیتاڵ
سێ وەرزشڤانی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی لە جۆری (بێنچ پرێس)ـدا، پەلەی یەکەم، دووەم و سێیەمی سەر ئاستی ئێرانیان بەدەستهێنا؛ سەرۆکی دەستەی لەشجوانیی شارەکە دەڵێت، ''یەکەم جارە لە مێژووی کێبڕکێیەکەدا لە دەستەی مێرمنداڵان، بەرزکردنەوەی 190 کیلۆگرام تۆمار دەکرێ.''
ئەمڕۆ دووشەممە 24-08-2026، واحید رەحمانی، سەرۆکی دەستەی لەشجوانیی پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوار وەزشڤانی شارەکە کە لە پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی سەر ئاستی ئێران بەشدار بووبوون، سێیانیان پلەی یەکەم تاوەکو سێیەمیان بەدەستهێناوە.
بەگوتەی واحید رەحمانی، پاڵەوانێتییەکە لە ناوەندی پارێزگای ورمێ بەڕێوەچووە و زیاتر لە 400 وەرزشڤان لە سەرانسەری ئێرانەوە لە دەستەکانی مێرمنداڵان، گەنجان، گەورەساڵان و پێشەنگەکانی وەرزشەکە بەشدار بوون.
(محەممەد بەچیز) یەکێک لەو چوار وەزشڤانەی پیرانشارە کە بە بەرزکردنەوەی 190 کیلۆگرام، توانی لە دەستەی مێرمنداڵاندا، پلەی یەکەمی سەر ئاستی ئێران بەدەستبهێنێت. سەرۆکی دەستەی لەشجوانیی پیرانشار ئاماژەی بەوەش کرد، بەچیز بە بەرزکردنەوەی ئەو کێشە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە و تاوەکو ئێستا لە دەستەی مێرمنداڵاندا هاوشێوەی نەبووە.
هاوکات موبین رەسووڵی لە دەستەی گەنجاندا توانیویەتی پلەی دووەمی بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی ئێران بەدەستبهێنێت.
یەکێک لە وەرزشڤانە پیرانشارییە بەشداربووەکان، فەرهەنگ رەحمانی بوو لە دەستەی مێرمنداڵان. واحید رەحمانی گوتیشی: ''سەرەڕای ئەوەی پێشتر پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئەمجارە بەهۆی ئەوەی جەستەی کێشەی بۆ هاتە پێش، لەگەڵ رکابەرەکەی هەردووکیان بە پلەی سێیەم گەیشتن. ئەو سەرکەوتنە و ئەم وەرزشڤانە باشانەی کە لە شاری پیرانشاردا هەن، توانیان وەک هەمیشە ژمارەی پێوانەیی تۆماربکەن.''
واحید رەحمانی کە هاوکات راهێنەری چوار وەرزشڤانەکەیە باسی لەوەش کرد، گەڕانەوەی تیمەکەیان بە دەستی پڕەوە و بردنەوەی سێ میدالیای جیاواز، ''هاندەرێکە بۆ راکێشانی زیاتری سەرنجی گەنجانی شارەکە بەرەو جیهانی وەرزش.''
پاڵەوانێتییەکە رۆژانی 18 بۆ 21 ئاب لە ورمێ بەڕێوەچوو و بە یەکێک لە ئاستبەرزترین پاڵەوانێتییەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی هەژمار دەکرێ، لەسەر ئاستی ئێران.



