سەرۆک ئەرکانی ئێران: ئۆپەراسیۆنەکانمان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکەین

19-09-2021
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و لە قۆناخی دووەمدا فراوانتری دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، گرووپە دژبەرەکانی ئێران نابێت لە هەرێمی کوردستاندا "بنکەی راهێنان، رادیۆ و تەلەڤزیۆن و کەمپیان هەبێت و کۆنگرە بگرن".
 
محەممەد حوسێن باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتی: لەم قۆناخەدا بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن.
 
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیدەکاتەوە کە ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆیان ناردبێت و دەڵێ: چونکە کۆماری ئیسلامی لەو هێرشانەدا هیچ دەسکەوتێکی نەبوو، "دەیەوێ بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببات."
 
سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی کرد کە سوپای پاسداران "دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەنێو دەبات و ئۆپەراسیۆنەکانی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام دەبێت" و ئەمەشی بە مافی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەمدا.
 
محەممەد حوسێن باقری کە ئەمڕۆ 19-09-2021 لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی، عەزیز نەسیرزادە، وەک جێگری سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران قسەی دەکرد، بە ئاماژە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: ئەوان لە یەک ساڵی رابردوودا بە دنەدانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چالاکییەکانیان پەرەپێداوە و جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی "ئەم سەربزێوییانە تەحەمول ناکات".
 
سوپای پاسداران رۆژی 08-09-2021 دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر ناوبەناوە بەردەوام بووە.
 
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەربە حدکا رۆژی 13-09-2021 بڵاوی کردەوە، تۆپبارانەکانی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ژیان و ماڵی خەڵک زەرەری بەرکەوتووە.
 
بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکا پێشتر بە رووداوی گوتبوو، "شەڕی چەکداریمان دەست پێنەکردووە و هێرشمان نەکردووە، ئەگەر دۆخێکیش روویدابێت ئەوە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری شەڕ بووە.. کار و چالاکیی خۆمان هەر بەو پێیەی تاوەکو ئێستا هەبووە، درێژەیان دەدەین".
 
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هیچ وڵات و لایەنێک هاوکارییان بکات یان بە دنەدانی وڵاتانی دیکە چالاکی بکەن و هاوکات دەڵێن، ئەوان کارێک ناکەن کە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانووی جۆراوجۆرە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت.
 
محەممەد حوسێن باقری گوتوویەتی: "بە بەرپرسانی هەرێمی باکووری عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراقمان گوتووە کە دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە کۆبکەنەوە و رێگە لە چالاکییەکانیان بگرن.. بەڵام بوونی ئەمانە و سەربزێوییەکانیان بەردەوام بووە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانیان درێژە و پەرەی پێبدەن، لەنێویان دەبەین تاوەکو بەتەواوەتی دامودەزگایان کۆبکەنەوە و بڕۆن".
 
محەممەد حوسێن باقری دەڵێ: لە هێرشەکانی دوو هەفتەی رابردوودا بنکەی فەرماندەیی ئەم گرووپانەمان کردە ئامانج و پێش ئۆپەراسیۆنەکە ئەوانمان لە هێرشەکان ئاگادار دەکرد بۆ ئەوە قوربانی لێنەکەوێتەوە.
 
ئەو هەڕەشە دەکات کە ئەگەر چالاکیی ئەو حیزبانە بەردەوام بێت، رووبەڕووی چالاکیی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.
 
هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 10-08-2021 دەستیپێکرد، کاتێک کە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق  داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەو حیزبانە کە هەرێمی کوردستان دەربکرێن بۆ ئەوەی ئێران دژیان "کردەی دەستپێشخەرانە" ئەنجام نەدات.
 
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و جارێکی دیکەش عەلی شەمخانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای دەرکردنی ئەوانیان کرد.
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 13-09-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لە کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکاندا ئەوەمان بە گوێی بەرپرسانی عێراقیدا هێناوە کە خاکی عێراق نابێت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کەڵکی لێوەربگیرێت".
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 07.09.2021 داوای لە وڵاتانی دەوروبەر کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و گوتی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی تەنگەژە و گرفتەکان لە ناوچەکە کەمببنەوە، هەروەها پشتگیری لە زمانی دیالۆگ دەکەن لە نێوان هەموو لایەنە ناکۆکەکان و هەوڵ دەدەین کێشە دروست نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.