ئێران: رژێمی زایۆنی نایەوێت ئاگربەست بکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''ئەگەر ئەمریکا ئیرادەیەکی جیددی بۆ ئاگربەست هەبووایە، تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دەوەستاند''، گوتیشی، بۆ ئاگربەست تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە و ئەوە ''رژێمی زایۆنی''ـیە کە نایەوێت ئاگربەست بکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-08-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی پڕۆسەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند: ''ئێران پێشوازی لە هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دەکات بۆ ئاگربەست.''
 
ناسر کەنعانی گوتی: ''لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئێران یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ و هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بەکارهێناوە''. 
 
ئەو پێشنیازەی ئێستا بۆ ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر مێزی گفتوگۆیە، لە 27-05-2024 لەلایەن بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکاوە پێشکێشکرا. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ''ئێمە ئەمریکا بە حکومەتێکی کارامە نازانین بۆ بەدواداچوونی پرسی ئاگربەست، ئەوەش  بۆ هەڵسوکەوتی خودی ئەمریکا دەگەڕێتەوە لە رابردوودا.''
 
کەنعانی پێیوایە: ''ئەمریکا هەموو کات لایەنگریی هەمەلایەنەی لە رژێمی زایۆنی کردووە و هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەو رژێمە تاوانکارە بووە، بۆیە سەلماندوویەتی کە تاوەکو ئێستا خۆی لایەنێکە لە شەڕەکە و ناتوانێت بۆ ئاگربەست نێوبژیوانێکی باش بێت. ئەگەر ئەمریکا ئیرادەیەکی جدی هەبووایە، تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دەوەستاند.''
 
سامی ئەبوو زوهری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەبارەی ئاگربەستەکەوە دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززەدا گوێ بۆ "فەرمانەکانی ئەمریکا" ناگرن و گوتیشی: ''ئەو گەشبینییەی سەبارەت بە دانوستاندنەکان دروستبووە خەیاڵە و ئەوەی لە بەردەممانە رێککەوتن یان دانوستاندنی راستەقینە نییە، بەڵکو سەپاندنی فەرمانەکانی ئەمریکایە.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئێمە پشتیوانی لە دانوستاندنەکان بۆ سەرخستنی ئاگربەست دەکەین و بۆچوونی خۆمانمان بە دۆستان راگەیاندووە، بە نیازێکی پاکیشەوە پشتیوانی لە هەوڵە هاوبەشەکان دەکەین.''
 
پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن.
 
بەگوتەی کەنعانی، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە کە ئیسرائیل مەرجی نوێی لە ئاگربەستەکە زیادکردووە، ''بۆیە بە بۆچووونی حەماسیش رژێمی زایۆنی ئامادە نییە ئاگربەست بکات.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە مەبەست لە خستنەڕووی ئەم ئاگربەستە لەلایەن ئەمریکاوە ''کڕینی کاتە بۆ رژێمی زایۆنی. دەبێ ئەمریکا نیشان بدات کە بەدوای سەرخستنی ئاگربەستدایە نەوەک شتێکی دیکە، چونکە ئەوەی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کردەوەکانی ئەمریکان''.
 
''ئاگربەست و تۆڵەسەندنەوە دوو پرسی جیان''
 
ناسر کەنعانی لەبارەی ''تۆڵەسەندنەوە''ـی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کە ئیسرائیل بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکەن گوتی: ''پرسی ئاگربەست جیایە لە مافی رەوای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژکار.''
 
بەگوتەی کەنعانی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێران مافی هەیە بەرگری لە  ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی خۆی بکات، ''داوامان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کۆبوونەوەیەک بکات، بەڵام بەهۆی گوشاری هەندێک وڵاتەوە نەیتوانی لەوبارەوە ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات.''
 
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ژمارەیەک لە وڵاتان داوا لە ئێران دەکەن کە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ، هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران ئەو داوایە بە شێوەیەک لە پاڵپشتیی ئیسرائیل دەزانێت و دەڵێت: ''ئەو داوایە بۆ درێژەپێدانی رژێمی دەستدرێژکار بە تاوانەکانی دەخرێتەڕوو. وەڵامنەدانەوەی ئەو تاوانانە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.''
 
کوژرانی هەنییە لە 31ـی تەممووزی ئەمساڵ کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووبووە تاران، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلی مەترسیدارتر کردووە؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی کوشتنی هەنییەی نەگرتووەتەوە ئەستۆ، بەڵام کەنعانی دەڵێت، ''ئێمە بەدوای ئاڵۆزترکردنی گرژییەکانی ناوچەکەدا نین، بەڵکو بەدوای وەستاندنی رژێمی زایۆنین. پێمانوایە سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئاشتییان لا گرنگە، دەبێ پاڵپشتیی لە مافی ئێران بکەن بۆ سزادانی دەستدرێژیکار."
 
عەبدولسەلام کوڕە گەورەکەی ئیسماعیل هەنییە لەبارەی چۆنیێتیی کوژرانی باوکی لە تاران دەڵێت، "بە مووشەکێکی ئاراستەکراو کە بە مۆبایلەکەیەوە پەیوەستکرابوو شەهیدکرا، کاژێر 10:15ـشەو مۆبایلەکەی بەکارهێناوە، بەڵام دواتر لە نزیک سەرییەوە داینابوو و مووشەکەکە راستەوخۆ کردیە ئامانج."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدانی دەبێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد، کە ژمارەیان هەزار و 431 بنکە دەبێت و 165یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.