پەیامی عەلی باپیر بۆ داعش

19-08-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن عەلی باپیر
A+ A-
رووداو- هەولێر

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا کە سەبارەت بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "به‌رگریی له‌دین‌و ژین‌و خه‌ڵك‌و خاكی خۆكردن فه‌ڕزه‌، بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌م كه‌ له‌وپه‌ڕی ئاماده‌ییدابن‌و هه‌رچی پێویست بێ‌ بۆ پاراستنی هه‌رێم بیكه‌ن."

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات" ئەو پەیامەی لە 7/8/2014 نووسیوە بەڵام بەهۆی ئەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی یەکدەنگ نەبوون ئێستا بڵاویکردووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا عەلی باپیر داوا لە داعش دەکات کە" شه‌ڕو گێچه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان مه‌فرۆشن، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌ چاوی له‌ زوڵمه‌و نه‌ زوڵمیش قبووڵ ده‌كات".

ئەوەش دەقی پەیامەکەی عەلی باپیر 

په‌یامێك كه‌ له‌كاتی خۆيدا بڵاو نه‌كرایه‌وه‌
بسم الله الرحمن الرحيم
سێ‌ قسه‌ی كورت له‌باره‌ی هێرشی (داعش)ه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم:

یه‌ك: به ‌كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ده‌ڵێم: بێگومان به‌پێ‌ی ئایه‌تی: {لاتظلمون ولا تظلمون} البقرة -279-، واته‌: نه‌ سته‌م بكه‌ن‌و نه‌ قبووڵی سته‌میش بكه‌ن، وه‌ئایه‌تی: {وقاتلوا في سبيل الله الذين يقاتلونكم} البقرة -190-، واته‌: وه‌ له‌ڕێ‌ی خوادا دژی ئه‌وانه‌ بجه‌نگن كه‌ شه‌ڕتان له‌ دژ ده‌كه‌ن. به‌رگریی له‌دین‌و ژین‌و خه‌ڵك‌و خاكی خۆكردن فه‌ڕزه‌، بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موولایه‌كتان ده‌كه‌م كه‌ له‌وپه‌ڕی ئاماده‌یی دابن‌و هه‌رچی پێویست بێ‌ بۆ پاراستنی هه‌رێم بیكه‌ن.
دوو: هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و جه‌ماوه‌ری كوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نم: كه‌ هه‌رچی ناكۆكیی‌و هه‌ستیاریی هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كدی وه‌لای بنێن، با هه‌موومان یه‌كده‌نگ‌و یه‌كسه‌نگ بین، چونكه‌ باشترین گره‌نتی سه‌ركه‌وتنمان یه‌كڕه‌نگیی‌و یه‌كڕیزییمانه‌و هێزو پێزمان له‌ ته‌باییماندایه‌.
ســـێ‌: به‌ (داعش)یش ده‌ڵێم: چاو به‌ هه‌ڵوێست‌و ڕه‌فتاره‌كانی خۆتاندا بگێڕنه‌وه‌و دڵنیابن په‌ڕگیریی (تطرف) ته‌مه‌نی كورته‌و ده‌وام ناكات، وه‌ك پێغه‌مبه‌رمان "صلی الله علیه‌ وسلم" فه‌رموویه‌تی: (هلك المتنطّعون -ثلاثاً-) متفق عليه، واته‌: په‌ڕگیڕو تێپه‌ڕێنه‌ران، فه‌وتاون "سێ‌ جاران وایفه‌رموو". وه‌ شه‌ڕو گێچه‌ڵیش به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان مه‌فرۆشن، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان نه‌ چاوی له‌ زوڵمه‌و نه‌ زوڵمیش قبووڵ ده‌كات!
له‌ خوای به‌ به‌زه‌ییش ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕو گێچه‌ڵی لابه‌لا له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و عێڕاقیش وه‌دوور بخات.
سوید - یۆتۆبۆریی
تێبینی: ئه‌م په‌یامه‌م له‌: 7/8/2014 به‌رانبه‌ر به‌ 11ی شه‌ووالی 1435ی كۆچی له‌شاری یۆتۆبۆریی له‌ وڵاتی سویده‌وه‌ نووسی، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌ك ده‌نگ نه‌بوون

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە