وەزارەتی پەروەردە: هەر قوتابییەکی 12 ناڕازییە لە نمرەکەی پەڵپ بگرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت، هەر قوتابییەکی 12ی ئامادەیی ناڕازییە لە نمرەکەی، فۆڕمی پەڵپ پڕبکاتەوە بۆئەوەی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیدا بکرێت.
 
بەپێی وەزارەتی پەروەردە، هەر قوتابییەکی 12ی ئامادەیی کە ناڕازییە لە نمرەکەی و پێیوایە ستەمی لێکراوە، دەتوانێت لە 21ی تەممووزەوە تاوەکو 25ی هەمان مانگ فۆڕمی پەڵپ پڕبکاتەوە بۆئەوەی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیدا بکرێت.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "دڵنیاتان دەکەینەوە، بە وردی لە پەڵپەکانتان دەکۆڵینەوە."
 
کاژێر 20:00ی ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی راگەیاند. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، "وەزارەتەکەمان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جوانترین و شەفافترین پرۆسە بەڕێوەدەبات."
 
وەزیری پەروەردە ئاماری گزیکردنی لە تاقیکردنەوەکانی ئەم ساڵی 12ی ئامادەیی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆر کەم لە قوتابییان گزییان کردووە کە ژمارەیان 51 قوتابییە، بەشێوەیەک کە 30 قوتابی لە بەشی زانستی، 20 قوتابی لە بەشی وێژەیی و یەک قوتابی لە بەشی پیشەیی گزییان لەسەر تۆمار کراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئالان حەمەسەعید ئەوەی خستەڕوو، دەیان کەسیان لەو باندانە رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە کە هەوڵی فریودانی قوتابییانیان داوە بۆ گزیکردن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە