12 ماڵی کەمدەرامەت لە دهۆک ئاوەڕۆ و رێگەی هاتووچۆیان نییە

19-07-2023
هونەر رەشید
نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی مهەمەتکێ لە سەنتەری دهۆک
نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی مهەمەتکێ لە سەنتەری دهۆک
نیشانەکردن دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی دهۆک، بۆ گەیشتن بە ماڵەکەی خۆی، ناچارە بە دەست و پێ بەسەر چەندین پلیکانەدا سەربکەوێت و رێگەیەکی سەخت ببڕێت، ئەگەر ئەوەش نەکات، دەبێت رێگەکەی دوو کیلۆمەتر دووربکاتەوە تاوەکو دەگاتەوە ماڵەکەی.
 
ماڵی ئەو هاونیشتمانییە کە ناوی شڤان ئیبراهیمە لە کۆڵانێکی گەڕەکی مهەمەتکێیە لە سەنتەری دهۆک. زیاتر لە 40 ساڵە نزیکەی 12 ماڵی ئەو کۆڵانە بەدەست نەبوونی ئاوەڕۆ و رێگە دەناڵێنن.
 
شڤان ئیبراهیم دەڵێ "ئێستا گەنجم و بەزۆر دەتوانم سەربکەوم، بەڵام پیرێژن و پیرەمێرد ناتوانن. بەخوا بە لایەکی دیکەدا دەچن، ئەگەر نەخۆش و نەساخ بن، ئەو بۆنە ناخۆشەش بێزاری کردووین، ئەو کۆڵانە هەمووی 50 مەتریش نابێت و زۆر کەمە"، هەروەها باسی ئەوەش دەکات بەهۆی سەختی و کۆنیی کۆڵانەکە، "دوو، سێ مارمان لە ماڵەوە کوشتووە".
 
دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکە باس لەوە دەکات "زستانان زۆر ناخۆشە تاوەکو دەگەینە خوارەوە، ناتوانین نەوتیش ببەینە سەرەوە، دەبێت لە دەبەی بکەین و وردە وردە بیکێشینەوە و بیخەینە بەرمیل. رێگەکە ناخۆشە و پیسە، مشک و ماریشی زۆرە لە هاویندا".
 
خەڵکی ئەو کۆڵانە، چەندین جار چوونەتە لای لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام تائێستا قسەی بەرپرسان بۆیان، تەنیا بەڵێن بوون و بێ ئەنجام بوون، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی رۆژهەڵات دەڵێ، چاککردنی ئەو کۆڵانە تەنیا کاری شارەوانی نییە و پێویستی بە هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنی دیکەی پەیوەندیدار.
 
بریندار عارف، بەڕێوەبەری شارەوانیی رۆژهەڵاتی دهۆک دەڵێ "ئێمە شوێنەکەمان بینی، بێگومان لیژنەیەکی هاوبەشی هەماهەنگی لەنێوان ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ چوونە ئەوێ، چونکە کاری ئاو و ئاوەڕۆشی تێدایە و دەبێت سەرەتا ئەوە جێبەجێ بکرێ، دوایی بتوانین پلیکانە و شەقامی بۆ چاکبکەین".
 
بەپێی داتاکانی پارێزگای دهۆک، 125 کیلۆمەتر شەقامی ناو سەنتەری شاری دهۆک، قیرتاونەکرابوون، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 55 کیلۆمەتر قیرتاوکراوە و 70 کیلۆمەتری ماوە.

 

بەرنامەی ئەم ئێوارەیەی بەرپرسیاری رووداو، لەسەر کێشەکانی ئەم گەڕەکە بوو:

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە