رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری نەبەستنی دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكەیان ئاشكرا دەكات، روونیشی دەكاتەوە رێكخەری بزووتنەوەكەیان بۆچی چووەتە وڵاتی سوێد.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی دووشەممە 19-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆكاری نەبەستنی دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەو ئەندام و كەسانەی بە هەر هۆكارێك بێت، لە بزووتنەوەكە نیگەرانن و دووركەوتوونەتەوە.
نزار مەحموود لەو بارەوە گوتی، "هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ نێو گۆڕان و گفتوگۆ لەگەڵ كاك عوسمان حاجی مەحموود و ناڕازییەكانی دیكە بەردەوامە و هەوڵەكانیش دڵخۆشكەرن. هۆكاری نەبەستنی دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكە هەر ئەوەیە؛ نامانەوێ بێ ئەو برادەرانە كۆنفرانس بکەین، ئەگەرنا هەموو شتێكمان ئامادەیە".
عوسمان حاجی محموود، پێشتر ئەندامی خانەی راپەڕاندانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و، دوای گیان لەدەستدانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەر و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2017، لە گۆڕان دوورکەوتەوە.
سەبارەت بە چوونە دەرەوەی عومەری سەید عەلی، رێكخەری كاربەڕێكەری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، هۆكاری چوونە دەرەوەكە تەندروستییە و پەیوەندی بەوەوە نییە كە نیگەران بووبێت و گوتیشی، "دوای وەرگرتنی چارەسەر، كاك عومەر دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی".
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێت ئەو بزووتنەوەیە هەر دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردنی نێوخۆیی و چوار ساڵ جارێكیش كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت، بەڵام دوای ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی یەكەمین كۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان، هێشتا دیار نییە كەی بزووتنەوەكە دووەمین كۆنفرانسی دەبەسـتێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ