رووداو - سلێمانی
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ نرخی دروێنەکردنی دانەوێڵەی لە قەزاکە دیاریکرد و بۆ هەر کاژێرێک کارکردنی دەڕاسە 35 بۆ 45 هەزار دینار دیاریکرا.
رەمک رەمەزانو قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە نرخی دروێنەکردن بە دەڕاسە لە سنوورەکە دیاریدەکەن، بۆ ئەمساڵ نرخەکەی لە نێوان 35 بۆ 45 هەزار دینارە، نرخەکەش بە گوێرەی جۆری دەراسەکە و دوور و نزیکی زەوییەکە دەگۆڕێت.
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، هەر خاوەن دەڕاسەیەک پابەندی ئەو نرخە نەبێت کە بۆی دیاریکراوە بۆ یەکەمجار بەڵێننامەی پێ پێدەکرێتەوە ئەگەر دووبارەی کردەوە بە پێبژاردن سزا دەدرێت لە 50 هەزار دینارەوە تاوەکو 750 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر جاری سێیەم سەرپێچی بڕیارەکانی کرد دەست بەسەر
دەڕاسەکەیدا دەگیرێت و دەدرێتە دادگا، هاوکات تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنەکردن دەڕاسەکەی نادرێتەوە.
رەمک رەمەزان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چەمچەماڵ و نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە هەروەها نرخی کارکردنی هەباشەی دیاریکردووە کە لە 25 بۆ 35 هەزار دینارە بۆ هەر کاژێرێک.
ئەمساڵ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی داچێندراوە کە زۆربەیان گەنمن، گەنمی قەزاکە لە سایلۆی چەمچەماڵ وەردەگیرێت کە توانای هەڵگرتنی 60 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە، ساڵی 2019 سایلۆکە زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنمی کۆگاکردووە.



