رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەک لەلایەن تورکیاوە کراوەتە ئامانج، بەوهۆیەوە پێشمەرگەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەو پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەروەر قادرە و تەمەنی 43 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و دانیشتووی گوندی شێخ رەشە لە سنووری قەزای سیدەکان.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، رۆژی 19-04-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 6:30ی ئێوارەی پێنجشەممە لە گوندی ناودارۆک روویداوە، ئۆتۆمبێلی ئەو پێشمەرگەیە کە پێکەبێکی جۆری تۆیۆتا بووە، لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە، بەڵام کاژێر 5:30ی ئەم بەیانییە بە رووداوەکە زانراوە.
قایمقامی قەزای سیدەکان گوتی: "تەرمی پێشمەرگەکە بردراوەتە دادپزیشکیی سۆران."
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەوە دووەم هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانە بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە گیانلەدەست دەدات.
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، رۆژی 14ـی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی روودواوی راگەیاند: "کاژێر نزیکەی 11:00ـی شەوی رابردوو بەهۆی بۆردوومانێکەوە بۆ سەر خانوویەک لە دۆڵی شۆرێی سەر بە گوندی گەڵاڵە گەنجێک بەناوی محەممەد سەعید گیانی لەدەستدا."
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، رۆژی هەینی 19-04-2023 رایگەیاند: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و دوو هاووڵاتیش برینداربوون."
بەپێی ئامارێکی هەمان رێکخراو، کە لە 21ی شوباتی ئەمساڵ بە (رووداو) دراوە، لە ساڵی 1990ـەوە بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران نزیکەی 850 هاونیشتمانی کوژراون و بریندار بوون، کە زۆرینەیان بە هێرشی تورکیا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ