رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆنی تورکیا سێ رۆژە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، دەنگی فڕۆکەی چاودێری تورکیا بەردەوام لە ئاسمانی ناوچە چیاییەکانی پارێزگای دهۆک دەبیسترێت، دۆخەکەکە ئاڵۆزە و تاوەکو دێت شەڕ گەمتر دەبێت.
تاهر عەبدولڕەحیم، هاونیشتمانییەکی خەڵكی ناحیەی کانی ماسێیە لە سنووری ئامێدی و باس لەوە دەکات، تورکیا ناوچەکانی گەلی فەقیر، چەلێ، کورێ زێڕ، سەری ریتیا، ناوچەکانی نێروە و رێکان و چەند گوندێکی دەڤەری بەرواری باڵا بەچڕی بۆردوومان دەکات.
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، "ئەوە دوو شەوە فڕۆکە بەردەوام بۆردوومان دەکات، بۆردوومانەکان بەشێوەیەکە تەنانەت خانوەکانیشمان دەلەرزێت، ئەوەش ترس و دلەڕاوکێیەکی زۆری دروستکردووە."
لەماوەی 29 ساڵی رابردوودا 380 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون. تروانش یەکێکە لەو گوندانە کە لە ساڵی 1995ـەوە چۆڵکراوە.
یاسین یوسف، هاوڵاتییەکی خەڵکی ئەو گوندەیە کە نزیکترن ناوچەی نزیک شەڕە و ئاماژە بەوە دەکات، "بەردەوام لە چیای زەردک، رۆتایا و زۆمکێ دەدەن، لە سەری ئامێدی بەخۆی نا، بەڵام لە دەورووبەری زۆمێ دەدەن و بەدەوام بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکرێت."
لە ساڵی 2019ـەوە تورکیا ئەوە چوارەم ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی چنگ لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات، 35 گوند بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە چۆڵکراون، هەروەها 34 کەس شەهید و 15 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ