رووداو دیجیتاڵ
شەش ئەندامی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەیدسادق بە گولـلە کوژران. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "بە کڵاشینکۆف کوژراون".
رووداوەکە لەنێوان کاژێر 11:30 بۆ 12:00ی شەوی پێنجشەممە، 20-3-2025، روویداوە. هێشتا بەتەواوی نازانرێت بکوژەکە کێیە، بەڵام باس لەوە دەکرێت یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بکوژە.
ئەوانەی لە رووداوەکەدا کوژراون، دایک و باوک، دوو برا و دوو خوشک بوون. تەرمەکانیان برانە پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن.
ئەندامانی خێزانەکەی سەیدسادق چۆن کوژران و کێ بەرپرسە لە تاوانەکە؟ پێشەوا بەختیار تەواوی زانیارییەکان باس دەکات pic.twitter.com/wLs7zGTG0K
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 20, 2025
خزمێکی ئەو خێزانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لەنێو خێزانەکەدا بووەتە شەڕ و ئەو کوشتارەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەی تائێستا دەیزانین ئەوەیە".
بەپێی گوتەی کەسوکاری خێزانەکە بۆ پەیامنێری رووداو "کوڕێکی ئەو ماڵە کە لە ئەورووپا ژیاوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دەبێتە کێشەیان و خێزانەکەی دەکوژێت، پاشان خۆیشی دەکوژێت."
رووداوەکە لەکاتێکدا روویداوە، کە باوکی خێزانەکە "نەخۆش بووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە ماڵەوە لەسەر جێگە بووە."
تاوەکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە نازانرێت و پۆلیس هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.
ناوی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا کوژراون:
سالار محەممەد
یارا سالار
سیما سالار
نیهایەت قادر ساڵح
سەهەند سالار
بەشیر سالار
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەموویان بە گولـلە کوژراون pic.twitter.com/9HJyTzfBeG
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 20, 2025
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، هەر یەکێک لە کوژراوەکان چەند گولـلەیەکی بەرکەوتووە. تەرمەکان برانە پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر رەوانەی زێدی خۆیان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ