رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "لە دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر رەشنووسی دیدگەی هاوبەش بۆ حکومڕانی، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکەین."
گوتەکانی قوباد تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکیدا بوون، کە ئەمشەو (چوارشەممە، 19-3-2025) لە رێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاویکردەوە.
"پێویستە حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو پێبکهێنرێت"
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی هەروەها گوتی "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەریەک لە نیکۆلۆ فۆنتایا، باڵیۆزی ئیتالیا و گلێن مایلز، باڵیۆزی ئوسترالیا روونم کردەوە؛ پارتی و یەکێتی هاوڕان بەپێی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتییان، پێویستە حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو پێبکبهێنرێت."
گوتەکانی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدا رۆژی یەکشەممە (16-3-2025) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی "ئەمە دووەمجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی".
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتبووی "زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".
پێشتر لە رێگەی لیژنەوە، پارتی و یەکێتی چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ