رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەڵێت، دوێنی کارکردن لە هەموو دووکانەکانی بازاڕی قەیسەری تەواو بوو و "ئەمڕۆ هەموو دووکانداران دەتوانن دەست بە کارکردن بکەنەوە."
شەوی 5-5-2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، 270 دووکان سووتان، لە تەممووزی هەمان ساڵدا دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و ماوەی ساڵێکی بۆ دیاریکرا، بەڵام لە ماوەی 8 مانگدا هەموو دووکانەکان نۆژەنکرانەوە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، سەنگەر محەممەد، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارکردن لە هەردوو بەشی نوێ و شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەری تەواو بوو، کە بە کۆی گشتی 270 دووکان بوون، تەنیا هەندێک وردەکاری ماوە کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و جوانکارییە."
لەبارەی شێوازی نۆژەنکردنەوەکە، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە گوتی، "لە بەشە شوێنەوارییەکەی هیچ دەستکاریی شێوازە کۆنەکەی نەکراوە، بەڵکو لەسەر هەمان شێواز نۆژەنکراوەتەوە و هەندێک جوانکاری تێدا کراوە، بەڵام لە بەشی نوێی بازاڕی قەیسەری هەمووی لە سەرەتاوە نۆژەنکرایەوە و هیچ ئاسەوارێکی ئاگرەکەی لەسەر نەماوە."
سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەڵێت، "ئەمڕۆ هەموو خاوەن دووکانەکان دەتوانن کەلوپەلەکانیان ببەنەوە بۆ دووکانەکانیان و دەست بە کار بکەنەوە."
05-09-2024، ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەرەبووی ئەو دووکاندارانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بوون رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی لە بەرژەوەندیی زیانلێکەوتووان دەرکردووە: ''کەمترین هاوکاری بۆ ئەو دووکاندارانەی زیانیان بەرکەوتووە، دوو ملیۆن دینارە و زۆرترینیش دەگاتە 20 ملیۆن دینار.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ