رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "جگە لە سەنتەری دهۆک، هەموو ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگاکە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە رسوومات دەبەخشرێن."
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، محەممەد شوکری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دهۆک یەکێکە لە ناوچە کەم گەشەکردووەکان، تەنیا لە سەنتەری دهۆک رسوومات بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەردەگیرێت، لە قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگاکە رسوومات وەرناگیرێت.
لە دوایین رووپێویی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا دەرکەوتووە، دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە کە لە 2007دا 9.3٪ بوو، لە 2012دا بووەتە 5.8٪، لە 2018دا گەیشتووەتە 8.6٪ و لە 2024دا بووەتە 15.3٪.
هەر پڕۆژەیەک 1%ـی کرێی خزمەتگوزاری لێ وەردەگیرێت. د. محەممەد شوکری دەڵێت، "پڕۆژەی ناوچە کەم گەشەکردووەکان لەو بڕیارە دەبەخشرێن، هەروەها نابێت سەرمایەی پڕۆژە لە ملیۆنێک دۆلار کەمتر بێت، بەڵام بۆ ئەوان کراوە بە 500 هەزار دۆلار."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "ئەم لێخۆشبوونە بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە لەو ناوچانە."
بە گوتەی د. محەممەد شوکری، دهۆک یەکێکە لەو پارێزگایانەی لە داهاتوودا لە پڕۆژەی وەبەرهێناندا گرنگیی زیاتر پێدەدرێت، تاوەکو لە کەرتی وەبەرهێنان ببووژێتەوە و رێژەی هەژاری کەمبێتەوە.
14-03-2025، سەباح مەحفووز، بەرپرسی بەشی دۆخی ژیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری دهۆک لەبارەی بەرزیی رێژەی هەژاری لە پارێزگاکە بە رووداوی رایگەیاند: ''ئەم بابەتە بۆ نەبوون یان کەمیی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەکە دەگەڕێتەوە''.
سەباح مەحفووز گوتی: ''پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر دوو هێندەی دهۆکە، زۆریی پڕۆژەش دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلیکاری زیاتر.''
ساڵانە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە کۆمەڵێک پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکان دەدرێت. بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، پار لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 183 پڕۆژە دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ