سامانی ماسی: ئەمشەو قەدەخەی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

19-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی دەڵێت، کاژێری 12:00ـی ئەمشەو راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت و "هەر کەسێک سەرپێچی بکات، دەدرێتە دادگە."

ساڵانە لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی حوزەیران، راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەزری زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ کەشوهەوا ساردترە لە پار، ئەم ساڵ 15 رۆژ زیاتر کاتی راوکردنی ماسی درێژکرایەوە و لە کاژێر 12:00ـی ئەمشەوەوە راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت.
 
پار لە 5ـی ئادار، وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو. بەڕێوەبەری سامانی ماسی گوتی، "ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو 20-6-2025 بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سامانی ماسی، "لە ئەمشەوەوە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیسی دارستان و هێزە پەیوەندیدارەکانی دیکە رادەسپێردرێن بۆ چاودێریکردنی رووبار، بەنداو و چەمەکان، بۆ ئەوەی هەر کەسێک راو بکات دەستگیری بکەن و بدرێتە دادگە."
 
بەپێی مادەی 48ـی ساڵی 1947، هەر کەسێک لە کاتی قەدەخەدا، راوەماسی بکات، سزا دەدرێت. بێستوون نەجمەدین گوتی، سزاکە لە پێبژاردنەوە دەست پێدەکات تاوەکو 7 ساڵ زیندانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە