رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو، لە گەڕەکی سەرهەلدان لە دهۆک ئاو چووە نێو چەندین ماڵ، ماڵی کاژین یەکێکە لەوانە. ئەو چی بە هەژاری و دەردەسەری کۆکردبووەوە، ئاو یان خراپی کردوون، یان لەگەڵ خۆیدا بردوونی.
کاژین بۆ پاراستنی گیانیان، منداڵەکانی بردوونەتە ماڵی کەسوکاریان و هیوادارە چارەسەرێک بۆ رەوشی خۆی بدۆزرێتەوە.
ئەو دایکە زیانبەرکەوتووە لە نێو ماڵە پڕ لە لافاوەکەیدا بە رووداوی گوت: "با بە هانامانەوە بێن، رەمەزانە... هیچمان نییە و هاوژینەکەم و دوو منداڵم ناساخن، شوێنێک نییە خێزانەکەمی تێدا بحەوێنمەوە."
تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی بە هانای خەڵکەوە چوون، بەڵام بەهۆی زۆریی لافاوەکە تەنیا فریاکەوتن ژیانی کەسەکان رزگار بکەن. ئەو کەسانەیشی لافاو ماڵەکانیانی تێکدا، چوونە لای کەسوکاریان.
لەشکر محەممەد، یەکێکی دیکەیە لەوانەی لافاو زیانی بە ماڵی گەیاندووە، دەڵێت: تیمەکانی حکومەت زوو هاتن و ژن و منداڵەکانیان رزگارکرد، بەڵام خەڵکی ئەم گەڕەکە شتەکانیان لەنێوچوون و هەمووی لافاو تێکی داون.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە تەواوی گەڕەکەکانی دهۆک ئاو چووەتە نێو نزیکەی 300 ماڵەوە کە زۆرترینیان لە دەوروبەری رووباری هشکەروو بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ