مەسرور بارزانی لەبارەی هەڵبژاردن: پێویستە لە چوارچێوەی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت

19-03-2024
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە گوتی، "پێویستە لە چوارچێوەی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت." جەختی لەوەش کردەوە، "خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی بکات."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19-03-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە و هاریکاری و هەماهەنگيی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
 
تەوه‌رێکی سەرەکيی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گرنگیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، "هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆئەوەی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، بەڵام خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی بکات."
 
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیش، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین و لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێکی رەوا و دیموکراتیيانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتیی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بکات."
 
بارودۆخی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی کەمپەکان بۆ شوێنەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نمایشێکی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.