36 ساڵە چاوەڕێی ئازیزانیانن؛ خوێن دەبەخشن تاوەکو ئێسک و پرووسکەکانیان بۆ بگەڕێننەوە

20-02-2024
پێشەوا بەختیار
مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو ژن و پیاوانە کەسوکاری ئەنفالکراوانن لە چەمچەماڵ، دوای دەیان هەوڵدان و چاوەڕوانی، زانیاری و نموونەی خوێنیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت.
 
هەموویان گرێکوێرەی 36 ساڵ خەم و پەژارەی دوای ئەنفالیان هێشتا نەکراوەتەوە.
 
جەواهیرە مەجید، کەسوکاری ئەنفالە و دەڵێت، "دڵخۆشم کە ئەم پشکنینە دەکرێت، دایکم بە گرێکوێرەوە مرد کە رووفاتەکەیان بۆ نەهێنایەوە".
 
لە هەرکامیان دەپرسیت، 36 ساڵە بێ سۆراخی ئازیزێکی بووە بە داخ و خەمی دڵی، هەموو هەوڵێکیان بۆ گەڕانەوەی رووفاتەکانیانە.
 
مام سابیر لە خێزانەکەی تەنیا خۆی و کچێکی رزگاربووی ئەنفالن، چاوەڕوانی تاقەتی لەبەر بڕیوە، هاتووە تاوەکو نموونەی خوێنەکەی وەربگرن و رووفاتی منداڵ و ژنەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
 
سابیر عەلی دەڵێت، "ژنەکەم و پێنج منداڵم لەگەڵ 32 کەس لە خێزانەکەم ئەنفالکراون، هیچ سۆراخیان نییە، من لەدوای هێنانەوەی رووفاتەکانیان تەواو، بشمرم قەینا، لەوەتەی رۆشتوون چاوەڕێی گەڕانەوەیانم".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی حکومەتی عێراق، هەڵمەتی نیشتمانی کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نموونەی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوانیان راگەیاندووە و بە چەند قۆناخێک پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و بڕیارە تەواوی کوردستان بگەڕێن، تەواوی زانیارییەکان لە داتابەیسێک دادەندرێت بۆ ئەوەی هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ بدۆزرێتەوە، هاوتای زانیارییەکانی بکەن. 
 
هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "ئەمە تەنیا بۆ یەکجار نییە، تەنیا یەکجار نموونەی خوێن وەردەگیرێت بۆ  هەتاهەتایە بەسە و هەر گۆڕێک بدۆزرێتەوە راستەوخۆ لەگەڵ ئەم نموونانە هاوتا دەکرێن".
 
خەمیس مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری پزیشکی دادی بەغدا بۆ رووداوی باسکرد، "لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان کێشەمان ئەوەبوو، هەر گۆڕێک هەڵبدرایەتەوە نەماندەتوانی هیچی لێبکەین چونکە پشکنینمان نەبوو، وەرگرتنی سامپڵ و پشکنین وادەکات پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاسان بێت و بتوانین بزانین رووفاتەکان هی چ شارێکن".
 
هەڵمەتەکە لە 17 مانگەوە دەستیپێکردووە و 23ـی مانگ دوایین رۆژی دەبێت لە چەمچەماڵ. سێ هەزار و 400 کەسوکاری ئەنفالکراو پێویستە نموونەی خوێنیان لێ وەربگیرێت، لە مانگی ئادار لە گەرمیانەوە دەست بە هەڵمەتەکە دەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە