رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کەرکووک دەڵێت، پۆلیسێکی هاتووچۆ دوای ئەوەی دەستی بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا گرتووە، دەمانچەی بۆ دەرهێناوە و هەڕەشە و سووکایەتی پێکردووە. پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووکیش قسەکانی ئەو گەنجە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، "ئەو شۆفێرە هەوڵی داوە رابکات و چەقۆی لە کارمەندێکمان دەرکردووە و ئەویش بۆ بەرگریکردن دەمانچەی دەرهێناوە."
رووداوەکە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو روویداوە، رووداو ڤیدیۆی کاتی دەمەقاڵێ و هەڕەشەی پۆلیسەکەی دەستکەوتووە کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەمانچە لە گەنجێک دەردەکات، هەڕەشەی لێدەکات و گەنجەکەش هاوار دەکات و دەڵێت، دەیەوێت "تەعەدام" لێبکات.
دیار عەبدوڵڵا، ئەو گەنجە کوردەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاتووچۆ [ـی کەرکووک] دەیانەوێت تۆمەتبارم کەن بە دزیکردن و رفاندنی ماتۆڕەکەم، ئەو پۆلیسەی شۆفێری بارهەڵگری پۆلیس بوو و ماتۆڕسکیلەکەمی گواستەوە، دەمانچەی لێدەرهێنام، هێرشی کردەسەرم ویستی دەستدرێژی بکاتە سەرم."
چیرۆکی رووداوەکە چۆن بوو؟
ئەو گەنجە چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، "رۆژانە کرێکاری دەکەم، بە ماتۆڕسکیلەکەم دەچمە سەرکار، لە بازاڕی حەسیرەکە [لە کەرکووک] پۆلیسی هاتووچۆ هاتن و ماتۆڕسکیلی من و چەند کەسێکی دیکەیان دەست بەسەردا گرت، لەو کاتەدا یەکێک لە خاوەنی ماتۆڕسکیلەکان لەگەڵ شۆفێری کرێنەکەی هاتووچۆ بووە شەڕیان و لەیەکیان دا و دواتر پۆلیسی فریاکەوتن ئەو گەنجەیان برد و ئێمەش لەگەڵ کرێنەکە رۆیشتین تاوەکو لە بەڕێوەبەرایەتیی ماتۆڕسکیلەکانمان ئازاد بکەین."
گەنجەکە دەڵێت، لەڕێگەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووک کە ئەوان لە پشتی کرێنەکە سوارببون، ماتۆڕەکەی بەردەبێتەوە و دوای وەستانیان، لەلایەن شۆفێری بارهەڵگرەکەوە تۆمەتبارکرا کە هەوڵی داوە رابکات و ماتۆڕسکیلەکەکە لەگەڵ خۆی ببات.
دیار عەبدوڵڵا گوتی، "من چۆن بتوانم ماتۆڕ ببەم، لە کاتێکدا کلیلەکە لای خۆیان بوو، هەر کە دابەزین لە ئۆتۆمبێلەکە شۆفێرەکە هات پەلاماری دام، دەمانچەی دەرهێنا و هەڕەشەی لێکردم، لەو کاتەدا هاوڕێیەکم بە مۆبایل ڤیدیۆی دەکرد، منیش هاوارم کرد و دەستم بەرزکردەوە بۆ ئاسمان تاوەکو بزانن کە من هیچم نەکردووە بەرامبەری ئەو هێرش دەکاتە سەرم."
ئەو گەنجە باس لەوەدەکات، کە شۆفێری بارهەڵگرەکەی هاتووچۆ گووتویەتی، کە "من جنێوم پێیداوە، بەڵام راست نییە"، ئەو جنێوی پێداوە و لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، "ئەگەر من قسەیەکی هەڵە یان رەفتارێکی هەڵەم کردووە، دەبوو پۆلیسی بانگکردبایە، نەوەک دەمانچەم بۆ دەربکات و هێرشبکاتە سەرم، لێمبدات و سووکایەتیم پێبکات."
"ماتۆڕسکیلەکەم مۆڵەتی نییە"
ئەو گەنجە نایشارێتەوە، کە ماتۆڕسکیلەکەی مۆڵەتی نییە، بەڵام دەڵێت، "رەقەمی گومرگەکەم لێوەرگیراوە و نامدەنەوە تاوەکو مامەڵەی دەرهێنانی مۆڵەتی لێخووڕین دەربکەم، داواشیان لێدەکەم وەڵامم نادەنەوە."
دیار عەبدوڵڵا وەکو خۆی باسی دەکات ماتۆڕسکیلەکەی بۆ چوونە سەر کارکردن بەکاردەهێنێت، گوتیشی، "ماتۆڕەکەم بە 750 هەزار دینار کڕیوە، ئەگەر مۆڵەتی بۆ دەربهێنم دەگاتە ملیۆن و نیوێک، من کرێکارم ئەو پارەیەم نییە."
"شۆفێری بارهەڵگرەکەی هاتووچۆ کورد نەبوو"
دیار عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەو پۆلیسە کە دەمانچەکەی لێدەرهێنام، کورد نەبوو، باوەڕ ناکەم عەرەبیش بووبێت، چونکە عەرەبییەکەی باش نەبوو، پێدەچێت تورکمان بووبێت، بەڵام دڵنیانیم."
هەروەها گەنجەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەدوای رووداوەکە مۆبایلەکەیان لێوەرگرتووە و چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک و نزیکەی "کاژێر و نیوێک" لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە، کە دەرکەوتووە ئەو "قسانەی شۆفێری بەرهەڵگرەکە کردوویەتی راست نین، ئەفسەرانی هاتووچۆ هەوڵیان دا ئاشتمان بکەنەوە و گوتیان ماتۆڕەکەشت دەدەینەوە، بەڵام سکاڵا تۆمار مەکە و واز لە بابەتەکە بهێنن."
لەدوای لێکۆڵینەوەکەی هاتووچۆی کەرکووک لەبارەی رووداوەکە، بەگوێرەی گوتەی ئەو گەنجە، مۆبایل و ماتۆڕسکیلەکەیان پێداوەتەوە و "بەزۆر" لەگەڵ شۆفێرەکەدا ئاشتیان کردوونەتەوە و دواتر بەڕێوەبەرایەتییەکەی جێهێشتووە.
"سکاڵام تۆمارکردووە و هاتووچۆ بە دز ناوم دەهێنن"
دیار عەبدوڵڵا رایگەیاند، هەفتەیەک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، ئەو چەند رۆژێکە سکاڵای تۆمارکردووە لە ئێستادا کەسوکاری شۆفێرەکە و هاتووچۆی کەرکووک "داوای سوڵحی عەشایەریم لێدەکەن، تاوەکو سکاڵاکە بکشێنمەوە."
هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئەو رژدە لەسەر ئەوەی یاسا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە و سکاڵاکەی رەتناکاتەوە.
هاتووچۆی کەرکووک: ئەو گەنجە چەقۆی دەرهێناوە و کارمەندەکەمان پارێزگاری لە خۆی کردووە
عەمید عامر نەریمان، ئەفسەری مافپەروەر لە پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەدواداچوونمان کردووە، ئەو گەنجە چەقۆی بۆ شۆفێری بەرهەڵگرەکەمان دەرهێناوە و ئەویش بۆ ئەوەی پارێزگاری لەخۆی بکات، دەمانچەی دەرهێناوە."
ئەو کارمەندەی هاتووچۆ جلوبەرگی فەرمی لەبەر نییە وەکو لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆی کەرکووک لەوبارەیەوە گوتی، "شۆفێری بارهەڵگرەکانمان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەوام دەکەن، چونکە ئەوان ماتۆڕسکیلەکان بار دەکەن، بەڵام ئەوان هەر کارمەندی ئێمەن."
عەمید عامر نەریمان لەبارەی ئەوەی شۆفێرەکە شەڕی دیکەی کردبێت گوتی، "راست نییە، ئەو شۆفێرە هیچ شەڕێکی نەکردووە، ئەو کارمەندە یەکێکە لە کارمەندە باشەکانمان و تەمەنێکی هەیە و کاری وای نەکردووە."
ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، لیژنەکە هیچ روونکردنەوەیەکی تاوەکو ئێستا نەداوە، بەڵام "ئەنجامەکان هەرچۆن بن بەپێی یاسا مامەڵە دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ