رووداو - هەولێر
شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداری کرایە سەر گوندی چەخماخە لە سنووری قەزای دووبز و بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە تووندی ئیدانەی هێرشەکە دەکات و رایدەگەیێنێت "پێویستە هەنگاوی جیدی و پێویست بنرێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و سەربازیی عێراق".
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "ئێمە لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جیدی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتووانیدا دروستبووە".
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەکات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک. کە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئێمە لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جیدی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان.
پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتووانییدا دروستبووە.
پێویستە هەنگاوی جیدی و پێویست بنرێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراق.
ھێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ، بەکردەوە و بە خوێن خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی لەھەموو نەتەوەکان پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەکان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکاتەوە تاوەکو بەھەموو لایەک رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی ھەروەھا نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و تێکڕای نوێنەرانی کەرکووک لە ھەموو ئاراستە و پێکھاتەکان کە بەدەنگ و متمانەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان ھەڵبژێرداون ھان دەدا و رایان دەسپێرێ ھەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان کە ئێمە لەو ھیمەتەیان دڵیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستووبردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لە ھەموو ئاستەکان، دڵنیایان دەكەینەوە .
ھەماھەنگی حکومەتی ئیتحادی کە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین چارەسەرە بۆ رێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان.
نەمری بۆ شەھیدانی چەخماخە و گشت شەھیدانی دەستی تیرۆر و تەندروستی باش بۆ بریندارەکان و سەربەرزی بۆ خەڵکی خۆراگری چەخماخە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2020-2-19
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ