رووداو دیجیتاڵ
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری جەخت دەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەران هەرگیز ناکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان. لەبارەی کەرکووکیشەوە ئاشکرای دەکات، پارێزگاری داهاتوو لە پشکی عەرەب دەبێت و بافڵ تاڵەبانیش بەڵێنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی پێداون.
محەممەد تەمیم، کە هاوکات سەرکردەیە لە پارتی تەقەددومی سوننەکان، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "هیچ ئاراستە یان دووژمنایەتییەک لە بەغداوە دژی هەرێمی کوردستان یان هاووڵاتییانی هەرێم نییە؛ مووچەی مووچەخۆران و بژێویی خەڵک بە هیچ جۆرێک ناکرێتە ئامرازی سزادان یان گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەت."
تەمیم دڵنیایی دا کە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەتەواوی لەگەڵ پاراستنی مووچەدایە و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تاوەکو لە رێگەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن.
مەرجی بەغدا بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان: تەنیا شەفافیەتە
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکان، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە کە لۆژیکی بەغدا زۆر روونە و گوتی: "ئەگەر هەرێمی کوردستان بڵێت رۆژانە 265 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنین، یان تەنانەت 250 هەزار بەرمیل بێت، ئێمە رازین و وەری دەگرین و هەموو پابەندییە داراییەکانی رێککەوتنەکەش جێبەجێ دەکەین؛ بەڵام ئەوەی داوای دەکەین تەنیا چاودێری و شەفافیەتە لەسەر تەواوی پرۆسەکە."
تەمیم ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نیەتێکی زۆر باش و ئەرێنییەوە دەیەوێت ئەم دۆسیەیە بە تەواوی دابخات و لە رێگەی لێژنە هاوبەشەکانەوە کۆتایی بە کێشەی تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردن بهێنرێت.
پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ عەرەب دەبێت؛ "بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی داوە"
محەممەد تەمیم پرسی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکی ورووژاند و رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی شارەکە (رێککەوتنی هۆتێل رەشید)، دوای 1ی کانوونی دووەمی داهاتوو دەست دەکەن بە گفتوگۆ و پارێزگاری نوێی کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب و لە پشکی پارتی تەقەددوم دەبێت.
تەمیم ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو پێکهاتەی تورکمان بۆ ماوەیەک پۆستەکە بەڕێوەببەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەربژێرەکەیان پۆستی وەزیریی پێدراوە و وەک پارێزگار دەسەڵاتی نەماوە، بە کرداری تەنیا نزیکەی 40 بۆ 45 رۆژی دەوامی فەرمیی لەو وادەیە ماوەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەوە پارێزگاری نوێ عەرەب دەبێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، سەرکردەکەی تەقەددوم گوتی: "لە کاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەبوو رەنگە یەکێتی پابەند نەبێت، لە بەغدا و لە ماڵی محەممەد حەلبووسی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبووینەوە؛ ئەو پێیگوتین کە هەرگیز بێئومێدتان ناکەم و رێککەوتنەکە چۆن هەیە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، تاڵەبانیش کاتێک بەڵێنێک دەدات پابەندی دەبێت."
محەممەد تەمیم هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی یان تورکیای لە پرسی کەرکووک رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان چەسپاندنی برایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان لە شارەکەدا.



