ئەنەکەسە سێ مەرجی سەرەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەسەدە دەخاتەڕوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نەواف رەشید، نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان
نەواف رەشید، نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان، سێ مەرجی سەرەکیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات رووندەکاتەوە و دەڵێت، "دەبێت مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد بناسێنێت و بیانووەکانی تورکیاش ببڕێت". 
 
نەواف رەشید بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە هەموو پێشێلکارییەکانی رابردوو بەرامبەرمان کراوە، وەلامان ناوە و لەبیرمان کردووە، بەڵام دەبێت ئەو مەرجە نوێیانە جێبەجێ بکرێن". دەشڵێت "نوێنەرمان لە دیمەشقە، بەڵام بۆ دانوستاندن چاوەڕوانی یەکڕیزی و رێککەوتنی کورد دەکەین، ئەگەر هیچ رێککەوتنێک نەکرا، ناچارین بەتەنیا لەگەڵ تەحریر شام کۆببینەوە". 
 
لە رۆژی 8-12-2024ـەوە، کە کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد راگەیێندرا و دەستەی تەحریر شام قۆناخی راگوزەری سووریای گرتەدەست، باس لە هەوڵەکانی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان نەکراوە، فەرەنسا و ئەمریکاش لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەیان.
 
نەواف رەشید، نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان نایشارێتەوە "تاوەکو ئێستا وەکو دوو لایەنین و بۆچوونمان لەبارەی سووریا جیاوازە و نەمانتوانیوە رێکبکەوین و یەکڕیز بین". 
 
رۆژی چوارشەممە، 18-12-2024، نەواف رەشید لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال روونیکردەوە، ئەوان وەکو پارتەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، هەموو ئەو ناکۆکییانەیان وەلا ناوە کە "لایەنی بەرامبەر 11 ساڵە پێمان دەکات"، بەڵام سێ مەرجی سەرەکی دەخاتەڕوو بۆ قۆناخی ئێستای سووریا.
 
مەرجەکان بە گوتەی نەواف رەشید ئەمانەن: "مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین."
 
بۆ روونکردنەوەی ئەو مەرجە نوێیانە، نەواف رەشید دووپاتیکردەوە "مەترسییەکی گەورەی سەربازی لەسەر کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان هەیە، دەبێت بیانووەکانی تورکیا ببڕدرێن تاوەکو هێرش نەکات، دەبێت لە رۆژئاوای کوردستانەوە متمانە بۆ تورکیا دروست بکرێت". 
 
لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی فەرەنسی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە کردووە بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی کوردی–کوردی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دیالۆگە دەستپێنەکراوە و دانوستاندنی راستەوخۆش لەنێوان ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی دا نییە، نەواف رەشید دەڵێت: "ئێمە ئامادەین بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ، ئەنەکەسە ئامادەیە، بەڵام مەرجەکانمان جێبەجێ بکات، ئەوانیش ئەو سێ مەرجەی کە باسمان کرد".
 
عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ( ئەنەکەسە) چەند رۆژێکە لە دیمەشقە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و ئەحمەد شەرع نەکردووە. 
 
نوێنەری پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەنەکەسە نایەوێت بە تەنیا دانوستاندن بکات، بەڵکو چاوەڕوانی رێککەوتنی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستانین، ئەگەر رێککەوتنێک نەبێت، ناچارین بە تەنیا لەگەڵ تەحریر شام کۆببینەوە". 
 
دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون. ئەنەکەسە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، پێیانوایە پەیەنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بە دیاریکراوی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن. 
 
چەند رۆژە شاندێکی فەرەنسی-ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
 
رووداو زانیویەتی، شاندی فەرەنسی-ئەمریکی داوا دەکەن، ئەو شاندەی بڕیارە پێکبهێنرێت، جیا لە نوێنەری لایەنە کوردییەکان، دەبێت کەسایەتیی سەربەخۆی ناوچەکە و نوێنەری پێکهاتەکانی وەکو سریانی، ئاشووری و عەرەبیشی تێدا بێت و بەر لە کۆتایی ساڵ بچنە دیمەشق.
 
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی - ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: پێش سەری ساڵ مووچەیەکی دیکە دابەش دەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، گوژمەیەکی پارە بۆ مووچەی مانگی تشرینی دووەم نێردراوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی گواستنەوەی گوژمەیەکی دیکە دەکەن. گوتیشی، "پێش سەری ساڵ دابەش دەکرێت و ئەگەری هەیە مانگی 12ش دابەش بکرێت".