رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان پێی باشترە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لای عەرەبی سوننە بێ نەوەک پۆستی سەرۆککۆمار؛ دەشڵێت، جێبەجێکردنی مادەی 140 پێویستی بە سازانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-11-2025، موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، کە هاوپەیمانییەکەی دووەمین هێزی نێو سوننەکانە بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی - دهۆک قسەی بۆ نایف رەمەزان، پەیامنێریی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ خستەڕوو.
بە گوتەی سامەڕائی، پێویستە سازان و رێککەوتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکان بکرێ بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ئێستا و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بکات. گوتیشی، "تێبینیمان لەسەر هیچ کەسێک نییە کە خواست و توانای بۆ پۆستەکان هەبێت، بەڵام دەبێت بەگوێرەی پێوەر و رێکاری پێویستی نێو هەر پێکهاتەیەک بێت."
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کە یەکەم هێزی لایەنە سوننەکانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چەند جارێک بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داوای پۆستی سەرۆککۆماری بۆ سوننەکان کردووە. موسەننا سامەڕائی ئاماژەی بە نەریتی سیاسیی رابردوو کرد و گوتی: "نەریتەکە لە رابردوودا ئەوە بووە کە پشکی عەرەبی سوننە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانە و پێموایە ئەمە بژاردە باشەکەیە، ئەوەش پێویستی بە سازانی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە."
سەبارەت بە جێبەجێکردنی مادەی 140، بە گوتەی سامەڕائی، "جێبەجێکردنی مادەی 140 پێویستی بە سازانی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەموو عێراقییەکانە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێ."
شەوی رابردوو کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و حکومەتی ئێستا بووەتە کاربەڕێکەر. سامەڕائی هیوای خواست کە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا پابەندی رێکارە دەستوورییەکان بن، تاوەکو حکومەتێک پێکبهێندرێت کە "لە ئاستی خزمەتکردنی هەموو خەڵکی عێراق بێت."


