رووداو دیجیتاڵ
لە کەشێکی پاییزەدا لەسەر خاکی باوک و باپیرانیان خواردن ئامادە دەکەن، ئەوان کەسوکارن و بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە گوندەکەی خۆیان؛ گوندی نارێن لە شارۆچکەی قەرەتەپەی خانەقین، بەڵام لە تۆماری سەرژمێریدا تەنیا 24 ماڵ لە گوندەکەدا تۆمارکراون.
مامۆستا سەلام قادر لە رزگاریی کەلارەوە لەگەڵ خزمەکانی گەڕاوەتەوە گوندی نارێن، دەڵێ "لێرە لەدایک بووم. دوای ئەوەی حیزبی بەعس گوندەکەی رووخاند، هەندێکمان رۆشتین بۆ روومادی، هەندێکیشمان بۆ رزگاری؛ ئێستاش هاتووینەتەوە بۆ سەرژمێری، بۆ ئەوەی لێرە خۆمان تۆماربکەین."
گوندی نارێن، لە 24-4-1987 لەلایەن بەعسەوە رووخێندرا، ئەوکاتە گەورەترین گوندی کوردنشینی سنووری شارۆچکەی قەرەتەپە بوو و زیاتر لە 300 خێزان تێیدا نیشتەجێ بوون.
لە تۆماری سەرژمێری، تەنها 24 ماڵ نووسراوە، بەڵام ئەوان نزیکە 1400 خێزانن و لەبەر دەرکردنیان لە گوندەکە، ئێستا لە گەرمیان نیشتەجێن.
هیلال فەرمان، دووکاندارە و دەڵێ "بە سەرژمێریی خۆمان 1400 ماڵین، حکومەتی عێراق کێشەی بۆ دروستکردووین لەبەرئەوەی ئێمە گوندێکی کوردنشینین."
ریاز نارێنی، دەرچووی زانکۆیە و خەڵکی گوندەکەیە، گەڕاوەتەوە بۆ سەرژمێری، باسی ئەوە دەکات "ئێستا هەرکەسێک هاوتەمەنی منە، چەند خێزانێکی لێبووەتەوە، ناتوانینن خۆمان لێرە تۆمار بکەین، چونکە تەنها 24 بلۆکیان بۆ داناوین."
بەگوتەی مەیسوون نووری، سەرپەرشتیاری بەشی سەرژمێری لە خانەقین، ئەو هاونیشتمانییانەی لە گەمارۆسازیدا ناوی خۆیان نەنووسیوە، ئێستا ناتوانرێت ناویان لە سنووری قەزای خانەقین زیاد بکرێت.
مەیسوون نووری دەڵێ "ئێستا قۆناخی ژماردنە و 4 رۆژیان بۆ داناوین، کاتێک ژمێریارەکە دەچێتە نێو ماڵەکان، سەیر دەکات گۆڕاوە لە کاتی گەمارۆسازییەکە کە 4 یان 5 کەس بووە و، دەبینێت ئێستا ماڵەکە زیادی کردووە بۆ چەند خێزانێک کە لە کەلار، سلێمانی و هەولێرەوە هاتوونەتە خانەقین."
بۆ رۆژانی سەرژمێری، 1399 ژمێریار دەبێت بە دوو رۆژ هەموو خەڵکی قەزای خانەقین تۆماربکەن.
لە دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر لە سنووری قەزای خانەقین، نزیکەی 30 گوندی کوردنشین بەتەواوەتی چۆڵکراون، ئەوانیش هەمان گرفتی گوندی نارێنیان هەیە، لە تۆماری سەرژمێریدا کەمترین خێزان دانراون کە لەو گوندانە تۆماربکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ