شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

18-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بارانبارین بەشی زۆری پارێزگاکانی ورمێ، لوڕستان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسیی کرماشانیش پێشبینی دەکات لە رۆژی دووشەممەوە بارانبارین دەستپێبکات و لە بەشی زۆری ئەو پارێزگایە باران ببارێت. ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگای سنەوە هەیە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما 8 بۆ 10 پلەی سیلیزی دابەزێت. 
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە بارانبارین لە پارێزگای ورمێ دەستیپێکردووە و بە گوێرەی کەشناسیی پارێزگاکەش، بارانبارین تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. 
 
بارینی باران و بەفر لە پارێزگای ورمێ
 
رۆژی هەینی 17-11-2023ش لە شاری خۆی و ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بارینی بەفر دەستی پێکرد. بارینی بەفرەکە بووەتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما و کەشناسی پێشبینی دەکات، پلەی گەرما لە بەشێکی پارێزگاکە زۆر دابەزێت و کەشەکە تەواو سارد بێت. 
 
بارانبارین لە کرماشان دەستپێدەکات 
 
لە بەشی زۆری پارێزگای کرماشان باران نییە، بەڵام کەشناسی پێشبینی دەکات، لە رۆژی دووشەممە 20-11-2023ـەوە بارانبارینێکی بەخوڕ ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. 
 
وەک کەشناسی ئاماژەی پێدەدات، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بارانەکەیشدا پلەی گەرما دابەزێت. 
 
شەپۆلێکی سەرما پارێزگای سنە دەگرێتەوە 
 
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، شەپۆلێکی بارانبارین بەشی زۆری سنە بگرێتەوە. بە گوێرەی کەشناسیی پارێزگاکە، ئەمڕۆ شەممە بارانبارینەکە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت. 
 
وەک کەشناسیی سنە باسی دەکات، لە رۆژی دووشەممەوە پلەی گەرما لە بەشی زۆری پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند پلەیەک دادەبەزێت. 
 
لە پارێزگای لوڕستان تەم ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست دەکات
 
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-11-2023ـەوە بارانبارین لە بەشی زۆری پارێزگای لوڕستان دەستیپێکردووە و بەهۆی دروستبوونی تەمەوە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە شۆفێران و داوایان لێ دەکات بە وریاییەوە شۆفێری بکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان پێشبینی دەکات، بارانبارین تاوەکو رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەم بەردەوام بێت و هۆشداری لە دروستبوونی لافاویش لە سنووری شار و شارۆچکەکانی باکووری ئەو پارێزگایە دەدات.
 
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی لوڕستان، لە بەیانیی ئەمڕۆەوە بارانبارینەکە لە سەرجەم شارەکانی لوڕستان زیاتر دەبێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات تا ئەو جێگەیەی بۆیان دەکرێت روو لە ناوچە شاخاوییەکان نەکەن. 
 
بارانبارین لە پارێزگای ئیلام 
 
شەپۆلێکی بارانبارینیش پارێزگای ئیلامی گرتووەتەوە و کەشناسیی پارێزگاکەش پێشبینی دابەزینی پلەی گەرما لە هەموو ناوچەکانی پارێزگاکە دەکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام پێشبینی دەکات ئەمڕۆ شەممە، یەکشەممە و دووشەممە لە رۆژئاوای پارێزگاکە باران ببارێت و پلەی گەرما نزیکەی 4 پلەی سیلیزی دابەزێت.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو بەرێوەبەرایەرتییە، لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە ئاسمانی سەرجەم ناوچەکان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما لە نێوان 7 بۆ 9 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."