رووداو - سلێمانی
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مۆڵەت بەهیچ گردبوونەوە و چالاكی و خۆپیشاندانێك نادەین و هەر لایەنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".
رۆژی چوارشەممە 18-10-2017، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی رەوشی ئەمنی شارەکە بڵاوکردەوە و داوا لە سەرجەم حیزب و لایەن و كۆمەڵە و رێكخراوەكان دەكات پەنا نەبەنە بەر ئەنجامدانی هیچ كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەژێر هەر داوا و پاساوێكدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە " ئەم داواكارییەی لیژنەی ئەمنی تەنیا لەپێناو پاراستی ئارامی پارێزگاكە و دوورخستەوەی هاونیشتمانیانە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی زیاتر، بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین ئەم ماوەیە دان بەخۆیاندا بگرن و هاوكار و پشتیوانمان بن".
دەقی راگەیێندراوەکە
بەرەچاوكردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردوەو لەپێناو پاراستنی زیاتری ئارامی و ئاسایشی پارێزگاكەمان، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرجەم حزب و لایەن و كۆمەڵە و رێكخراوەكان دەكات، لەم كاتەدا پەنا نەبەنە بەر ئەنجامدانی هیچ كۆبوونەوەو گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەژێر هەر داوا و پاساوێكدا بێت.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی تەئكید دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی بارودۆخ لەبار نییە و ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە پارێزگاكەكە كردووەو بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان و دەزگا حكومییەكان سەرقاڵ نەبن ، مۆڵەت نادات بەهیچ گردبوونەوە و چالاكی و خۆپیشاندانێك و هەر لایەنێك پابەند نەبێت رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.
ئەم داواكارییەی لیژنەی ئەمنی تەنیا و تەنیا لەپێناو پاراستی ئارامی پارێزگاكەو دوورخستەوەی هاووڵاتیانە لە دڵەراوكێ و نیگەرانی زیاتر، بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین ئەم ماوەیە دان بەخۆیاندا بگرن و هاوكار و پشتیوانمان بن.
هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاكەمان و دڵنیاشین هاووڵاتیانی خۆشەویست و لایەنەكان لە ئاستی بەرپرسیاریتیدا دەبن و چاوەروانی هاوكاری هەموو لایەكین.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی
18ی تشرینی یەكەمی2017


.jpg&w=3840&q=75)
