رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەیەوێت درێژە بە خۆشییەکانی هاندەرانی بدات، یانەی زاخۆش هەوڵی دۆزینەوەی کلیلی سەرکەوتن دەدات، دهۆک و نەورۆز و گازی باکووریش چاوییان لە سێ خاڵی دیکەیە.
درێس زەردەکانی پایتەختی کوردستان وەرزی ئەمساڵ دەستپێکێکی باشیان هەیە و هیچ یارییەک نەدۆڕاون، تیپەکە بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ سەرلیستی خولەکەیە، یاریی داهاتووی بەرامبەر یانەی دیالەیە لەنێو یاریگەی خۆیدا، بردنەوەی لەو یارییەدا سەنگی زیاتر بە هەولێر دەدات بۆ قایمکردنی شوێنی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە ریزەکانی یانەی هەولێر هەریەک لە هومام تاریق، عەلا رەعد بەهۆی پێکان ناتوانن یاریی بکەن، میۆڵین ناسان ئەستێرەی بەرازیلی کە دووەم گۆڵکاری خولەکەیە بەتۆمارکردنی 3 گۆڵ تەندروستی باش بووە و بۆ یارییەکە دەتوانێت بەشداریی بکات.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دۆخی تەندروستی میوڵین زۆر باشە و تەنیا ئازارێکی کەمی لە گۆڵفی هەبوو، واتا ماسوولکەی بەشی پشتەوەی قاچی، یاریی رابردوو بۆ ئەوەی بیپارێزین پشوومان پێدا، بەڵام دۆخی هێرشبەرەکەمان زۆر باش بووە و دەتوانێت یاری بکات".
یانەی زاخۆ خاوەن گرێبەستە ملیارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئاستی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی شەقامی وەرزشی و هاندەرانییەتی، تیپەکە بردنەوەیەک و دوو یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە، یاریی داهاتووی دوور لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی جولان.
سوور پۆشانی خابوور ئەمڕۆ دووشەممە دوای ئەنجامدانی دوایین یەکەی مەشقیان لەنێو یاریگەی خۆیان گەشتی شاری روومادی دەکەن، تەنیا ئەستێرە کە لە تیپەکە دوورە ئۆرینیۆی بەرازیلییە کە بەهۆی کارتی سوور ناتوانێت یاری بکات.
نەورۆزی کوردان هیچ کەموکوڕییەک لە یاریزانەکانیدا نییە، ئەمجارە لەنێو یاریگە قەشەنگەیدا یاریی لەگەڵ موسڵ دەکات، تیپەکەی پایتەختی رۆشنبیری دەیەوێت سێیەم سەرکەوتن تۆمار بکات.
یانەی گازی باکوور ناوێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دێربیی کوردستان یاری لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات، گازی باکوور دوو رۆژە گەشتی شاری دهۆکی کردووە، تەواوی یاریزانانی نوێنەرەکەی کەرکووک لە ئامادەباشیدان و تیپەکە کێشەی پێکان و دابڕانی یاریزانانی نییە.
ئالهۆین چیای لە گەڕی رابردوودا بەبردنەوە لە جەوییەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە، یەکەم سەرکەوتنی کردە دیاریی هاندەرانی، بۆ یاریی داهاتووش تیپەکە دەیەوێت دێربیی کوردستان بباتەوە، هەموو یاریزانانی دهۆک ئامادەن تەنیا کومەیل سەعدی، گۆڵپارێز بەهۆی پێکان لە تیپەکە دوورە.



