دوو هاونیشتمانی کە بە ڤیزەی ساڵی لە سعودیە دەستگیر کرابوون، ئازاد کران

18-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی سێ مانگ لە دەستگیرکردنیان، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی هەولێر کە بە ڤیزەی یەک ساڵی چووبوونە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، ئازاد کران.
 
ئەو دوو هاونیشتمانییە رۆژی عەرەفە لە 27-06-2024 لە شاری مەککە دەستگیر کرابوون. بە گوتەی کەسوکاریان بۆ رووداو، هەردووکیان دوێنێ سێشەممە ئازاد کراون.
 
ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیی بە مەبەستی حەجکردن بە ڤیزەی ساڵی یان (گەشتیاری) چووبوونە سعودیە، بەهۆی جۆری ڤیزەکەوە ژمارەیەکیان بۆ ماوەیەکی کاتی دەستگیرکران و لە رێکارەکانی حەجکردن دوورخرانەوە.
 
لە حەجکردنی ئەم ساڵدا 23 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستدا، لەو ژمارەیە 22 کەسیان بە ڤیزەی یەک ساڵی چووبوونە ئەو وڵاتە.
 
بۆ حەجی ئەم ساڵ، 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە لە سعودیە حەجیان کرد. لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی گەشتەکەیان کرد و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانیی چوونە سعودیە.
 
حەجکردن لە ساڵی 2024 لە رێگەی ئاسمانییەوە شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار بوو.
 
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە