رووداو - سلێمانی
هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری تەقینەوەی تی ئێنتییەک لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی کانی کوردەی سلێمانی کرد، کە بەهۆیەوە خاوەن ماڵەکە گیانی لەدەستدا؛ دەرکەوت کە تەقینەوەکە کارێکی تیرۆریستی نەبووە.
دەرکەوتووە ئەو کەسەی بەهۆی رووداوەکەوە گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 56 ساڵە، ناوی ئاکۆ محەممەدە و ئەفسەرە لە یەکەی 70. بەپێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان، تەقینەوەکە کارێکی تیرۆریستی نەبووە.
سامان محەممەد، شایەتحاڵ دەڵێت، "دەنگێکی گەورە بوو، وامانزانی محاویلە تەقیوە، دواتر هاتینە دەرەوە بە قیژەی ژن و منداڵەکەی زانیمان ماڵی ئەوانە. کاتێک گەیشتمە سەربانەکەیان، یەکسەر هاتمەوە، پارچە پارچە ببوو. ژن و منداڵەکان هەموویان سەلامەت بوون، سەربانەکەیان نیو مەتر تەقیبوو."
موقەدەم ئاکۆ، بەپێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لە سەربانی ماڵەکەیان سەرقاڵی ئامادەکردنی تی ئێنتی بووە بۆ راوەماسی، بەڵام بە خۆیدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە. ئەوانەی شایەتحاڵی رووداوەکە بوون، گوتیان، دەنگەکەی هێندە بەهێز بووە، سەرەتا وایانزانیوە بۆردوومان کراون.
کاروان بەکر، شایەتحاڵ ئاماژەی بەوە کرد، "نانمان دەخوارد، گرمەیەک هات، کە چووین، سەیر دەکەین ماڵی هاوسێکەمانە. بەپەلە دەرگامان شکاند و چووینە ژوورەوە، سەیر دەکەین کاک ئاکۆ مردووە و شوێنەکە هەمووی دووکەڵ و ئاگر بوو. خەریکی تی ئێنتی بووە و خۆشی پێشمەرگەیە لێی زانیوە."
لەکاتی تەقینەوەکە، جگە لە موقەدەم ئاکۆ، دوو کچ و هاوژینەکەشی لەماڵ بوون، بەڵام ئەوان بەبێ زیان بوون.
هاوکات ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەقینەوەکەی گەڕەکی کانی کوردە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تیرۆریستی نەبووە و ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ئەفسەرێکی هێزەکانی 70یە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ