حیزبی شیوعیی کوردستان: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانییە

19-09-2023
محەممەد عامر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبی شیوعیی کوردستان سەرکۆنەی بۆردوومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات و داوا دەکات، "بە زووترین کات" بکەرانی ئەو هێرشە ئاشکرا بکرێن. هاوکات، لەبارەی کوژرانی ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەولێر داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات، "پەلە بکەن" لە دۆزینەوەی تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان. 
 
حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەڵێت، "لە ئەنجامی ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون و زیانی مادی بەر بینای فڕۆکەخانەکە کەوتووە."
 
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
 
لای خۆیەوە، دژە تیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دژە تیرۆر دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
 
حیزبی شیوعیی کوردستان سەرکۆنەی بۆردوومانەکە دەکات و دەڵێت، "داواکارین بە زووترین کات سەرچاوەی ئەو تاوانە ئاشکرابکرێت و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن لە هەوڵی راگرتنی ئەو کارە دوژمنکارانانە کە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی نیشتمانییە." 
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 18-09-2023 ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەناوی دەنیز هێڤی، ناسراو بە دەنیز گەڤەری، لە نێو بارەگای کەنەکە لە شاری هەولێر، هێرشی کرایە سەر و کوژرا.
 
لەو بارەیەوە، حیزبی شیوعیی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "لە هەولێر دەستی غەدر، گەیشتە گیانی تێکۆشەرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەناوی دەنیز هێڤی، بەرپرسی نووسینگەی هەرێم[ـی کوردستان] و لە کارێکی تیرۆریستیدا شەهیدکرا. ئێمە لە حیزبی شیوعیی کوردستان، سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەکەین، هاوخەمیی خۆمان بۆ کەسوکاری و هەڤاڵەکانی لە کەنەکە رادەگەیێنین، داواکارین دەزگا ئەمنییەکان پەلە بکەن لە دۆزینەوەی تاوانبار و بە سزا گەیاندن و ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەمجۆرە تاوانانە." 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە