سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە: ئەم ساڵ 1637 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە یەک هەزار و 637 هێکتار دارستان، لەوەڕگە و پووش و پاوان لە سنووری ئەو پارێزگایە سووتاوە.

رۆژی یەکشەممە، 18ـی ئابی 2024، بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ 118 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە تۆمار کراون و لە ئەنجامدا زیاتر لە یەک هەزار و 637 هێکتار دارستان، لەوەڕگە و پووش و پاوان سووتاوە، کە بەراورد بە پار 17٪ کەمی کردووە.
 
پار لە هەمان ماوەدا، 122 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای سنە تۆمارکرابوون و یەک هەزار و 988 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتابوو.
 
بە گوتەی بەهزاد شەریفی پوور، ئەم ساڵ لە ناوچەی بانە 206 هێکتار دارستان و پووش و پاوان، لە دێگوڵان 43 هێکتار، لە دیواندەرە 131 ‌هێکتار، لە سەقز 300 هێکتار، لە قوروە 245 هێکتار، لە سەوڵاوا 138 هێکتار، لە سنە 144 هێکتار، لە کامێران 130 هێکتار و لە ناوچەی مەریوان 278 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە.
 
دەشڵێت، ئەم ساڵ لەلایەن بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکەوە بڕی دوو ملیار و 950 ملیۆن تمەن بۆ دروستکردنی ئاگربڕ لە چەندین ناوچەی هەستیار خەرجکراوە.
 
بەهزاد شەریفی پوور ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پاراستنی دارستانەکان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە، پاسەوانیان داناوە و بەردەوام چاودێریی ناوچەکان دەکەن.
 
لە دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگای سنە، 340 هەزار هێکتاری دارستان و یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتار لەوەڕگەیە کە پێکەوە دەکاتە 62٪ـی هەموو رووبەری پارێزگاکە.
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی تەممووزی 2024، حەسەن وەحید، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران رایگەیاند، لە ئاگرکەوتنەوەکانی چوار مانگی رابردوودا لەو وڵاتە، نزیکەی 19 هەزار هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە