چوار گەنجی کورد لە شنۆ دەستگیرکران

18-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رۆژی رابردوودا لە شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان چوار گەنجی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023 دوو هاوناوەکانی نەجمەدین عیسازادە، تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی شۆیسماک و هێدی عەبدولبەختی تەمەن 20 ساڵ و خەڵکی گوندی بێمزورتێی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکان: هێزە ئەمنییەکان رۆژی چوارشەممە، 16-08-2023 هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەو دوو هاوڵاتییە بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبوون نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن، رۆژی دواتر دوای ئەوەی هەر دوو گەنجەکە سەردانی بنکەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شنۆیان کردووە، دەستگیرکراون.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیش رایگەیاندووە، دوو هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی شێروان خزری و ئەیووب میرزایی، کە دانیشتووی گوندی بێمزورتێی سەر بە شاری شنۆن، رۆژی چوارشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
 
ناوەندە ئەمنییەکان و دەستەڵاتی دادیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار گەنجە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
 
هەر بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رۆژی 16-8-2023 سێ هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی گۆگتەپەی سەر بە شاری مەهاباد، بە ناوەکانی شێرکۆ نەسیری، ئەشکان نەسیری و هیدایەت خەستە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. رۆژێک پێشتریش هاونیشتمانییەک بە ناوی هیوا شەباهەنگ لەو شارە دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە شوێنێکی نادیار.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە