رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 10 رۆژی رابردوودا خزمەتگوزاریی دوو شار لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرگیراونەتەوە و دراونەتە کۆمپانیا دیکە؛ ئەمڕۆ لیژنەی چاودێری بەدواداچوون بۆ دوو شاری دیکە دەکات و ئەگەر سەرپێچییان کردبێت دەدرێنە تەندەر و کۆمپانیای دیکە.
هەروەها دەڵێت، "بەمنزیکانە لیژنەی دیاریکردنی نرخ لە پارێزگای هەولێر نرخی کارەبای موەلیدەی شارەکانی نێشتەجێبوون کەمدەکاتەوە".
ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی دۆخی شارەکانی نیشتەجێبوون و چاودێری لیژنەکانی پارێزگای هەولێریان کرد گوتی، "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو سەرپێچی شار و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمیکردووە، بەڵام سەرپێچیش هەبووە و شار هەبووە سزادراوە و لە کۆمپانیاکە وەرگیراوەتەوە".
بەگوتەی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پارەی خزمەتگوزاری هەر سەرپێچییەک هەبێت لەلایەن کۆمپانیاکان؛ هەنگاوی یەکەم ئاگادار دەکرێتەوە و دواتر سزای دارایی دەدرێت، ئەگەریش بەردەوام دەبێت خزمەتگوزاری سیتییەکان یان دەدرێتە تەندەر یان دەدرێتە دادگە.
لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، بۆ چاودێری پرۆژە و شارەکانی نیشتەجێبوون، دوو لیژنەی تایبەتمەند هەن؛ یەکێکیان نرخەکان بەگوێرەی شار و پرۆژەکان دیاری دەکات، لیژنەی دووەم؛ بەدواداچوونە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.
ئەکرەم ئەحمەد دەڵێت، "لە 10 رۆژی رابردوودا خزمەتگوزاری دوو شار وەرگیراونەتەوە دراونەتە تەندەر و کۆمپانیای دیکە وەریانگرتوون، ئەوانیش شاری زێڕین و گوندی ئەمریکی بوون، هەروەها گوندی پانک دوایین ئاگاداری پێدراوە و سزادراوە، ئەمڕۆش لیژنە سەردانی دەکات ئەگەر پابەند نەبێت دەدرێتە تەندەر یان دادگە".
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، رۆژانە لیژنەکانیان بەردەوام سەردانی شار و پرۆژەکان دەکەن، هاونیشتمانیانیش هەر گلەیی و کێشەیەکیان هەبێت راستەوخۆ ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن و گوتی، "ئەمڕۆ لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون، سەردانی شاری ئاسوودە دەکات و راپۆرتی خۆی پێشکێش دەکات".
چەند هاونیشتمانییەک لە شاری مامۆستایان پەیوەندییان کردووە و دەڵێن، لە شاری مامۆستایان کێشەی کارەبا و ئاویان هەیە.
ئەکرەم ئەحمەد گوتی، لە شاری مامۆستایان کێشەی کارکردنی ئاسانسوار و خراپی ئاوی پرۆژەکە هەیە، وادەیان بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن، هەم کێشەی ئاسانسوارەکان و هەروەها کێشەی ئاوی پرۆژەکەش. گوتیشی، "لە بەرنامەماندایە پرۆژەی ئاسوودە سیتی بدەینە دادگە و هەر پرۆژەیەک چەند زیاد لە خەڵک وەربگرێت، لەو پارەیە زیاتر سزای پێبژاردن دەدرێت و ئەگەر بەردەوامیش بێت دەدرێتە دادگە".
یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی رابردووەوە 10 کەیسیان هەبووە و لە دادگە هێشتا یەکلانەکراونەتەوە.
چەند هاونیشتمانییەک لە شاری زەیتوون پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کرد و دەڵێن، "کێشەی خزمەتگوزاریمان هەیە لە شاری زەیتوون".
ئەکرەم ئەحمەد گوتی، "پرۆژەی شاری زەیتوون گلەیی زۆری لەسەر هەیە، بەڵام خەڵکێکی زۆریش هەن لە 2016وە پارەیان نەداوەتە کۆمپانیاکە، داوامان کردووە ئەوانەی قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە، هەر مانگێک پارەی مانگێکیان لێوەربگیرێت".
لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدە لە شارەکان، ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەولێر گوتی، "ئێستا نرخی کارەبای موەلیدە لە سیتییەکان، نرخی هەر کیلۆواتێک نزیکەی 300 دینارە، بەڵام دەبێت نرخەکە کەمبکرێتەوە بەهۆی ئەوەی نرخی گازوایل هەرزانە و لەم رۆژانەدا لیژنەی دیاریکردنی نرخ، کارەبای موەلیدە هەرزان دەکات بەهۆی ئەوەی نرخی گازوایل هەرزانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ