رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و نایەوێت نەوت و گازی ئێران جێگەی ئەو بەرهەمانەی هەرێمی کوردستان بگرنەوە.
پەرلەمانى عێراق رۆژی دووى شوباتى 2025 یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵیی عێراقى پەسندکرد. هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
کاروان زێباری، شارەزای سیاسەتی ئابووری، لە بووڵتەنی ئابووریی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025ـی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و پێیوایە دوو کێشەی سەرەکی هەن. یەکەم، نابێت دەستکاریی گرێبەستە نەوتییەکان بکرێت. دووەم: چارەسەرکردنی قەرزی کۆمپانیاکان.
حکومەتەکانی عێراق، تورکیا، ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
ئەو شارەزایەی سیاسەتی ئابووری دەڵێت: "عێراق دەڵێ دەستکاریی گرێبەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ناکات، بەڵام ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی کە سەیری هەموو گرێبەستەکان دەکات، تاوەکو ئێستا روون نییە کاری چی و چۆن دەبێت؟ ئایا دەستکاری ئەو گرێبەستانە دەکات یان نا".
هەموارەکەی یاسای بودجە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
کاروان زێباری گوتی: "ئەگەر ئەو 16 دۆلارەی کە دانراوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، کەم و زیاد بکرێت و ببێتە 14 یان 17 دۆلار، ئەو کات دەبێتە دەستکاریکردنی گرێبەست؛ هەروەها گرێبەستەکان وردەکارییان تێدایە، بۆیە دەستکاریکردنی گرێبەستەکان پەیوەندی بە کۆمپانیای راوێژکارەوە نییە".
ئەمریکا چەند جارێک داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کردووە. بە گوتەی کاروان زێباری، سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە زۆرترین بڕی نەوت بخرێتە بازاڕەوە، چونکە لە سوودی ئەودایە.
ئەو شارەزایە هەروەها دەڵێت: "سیاسەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت ئێران، زۆرترین گوشارە لەسەر تاران. ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێتەوە، ئەگەر هەیە ئێران جێگەی بگرێتەوە. ئەگەر گازی هەرێمی کوردستان دەرنەهێندرێت، ئەگەر هەیە ئێران گاز بۆ عێراق دابین بکات. ئەو بابەتانە پێکەوە گرێدراون".
وەکو کاروان زێباری باسی دەکات، "ئەمریکا حەز دەکات عێراق ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ لە بواری وزە، نەوەک ئەوەی پشت بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێت، بەتایبەت دراوسێکەی کە ئێستا لەژێر گوشار و سزاکانی ئەمریکادایە".
لەبارەی هەڵوێستی تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کاروان زێباری گوتی: "تورکیا 100٪ پشتیوانیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لێی سوودمەندە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە هێڵی ترانزێتی ئەودا دەڕوات و هەر رۆژێک نەوتەکە نەڕوات، تورکیا زیانمەند دەبێت".
ئەو شارەزایەی بواری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد: "عێراق و تورکیا بۆ 15 ساڵ گرێبەستیان لەبارەی بۆریی (ئای تی پی) هەیە؛ دەبێت پێکەوە لەسەری رێکبکەون و نوێی بکەنەوە، چونکە ساڵی 2026 کۆتایی دێت".
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
کاروان زێباری رایگەیاند: "بەگوێرەی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی پاریس، تورکیا 1.6 ملیار دۆلاری عێراق قەرزدارە، عێراقیش قەرزداری تورکیایە، چونکە گرێبەستی تورکیا و عێراق هەیە و هەر رۆژێک نەوت بە بۆریدا هەناردە نەکرێت، تورکیا مافی هەیە سزا بخاتە سەر عێراق، کەواتە هەردوولایان کێشەیان هەیە و دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن".
کاروان زێباری رەتیکردەوە عێراق هەوڵبدات پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان شکست پێ بهێنێت و دەڵێت، ئەگەر عێراق هەناردەی نەوتی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە نەبێت، تەنیا رێگەی بەسرەی بۆ دەمێنێتەوە و هەربۆیە "عێراق پێی خۆشە رێگەیەکی دیکەی هەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوت".
کاروان زێباری گوتی، راستە عێراق، هەرێمی کوردستان، تورکیا و کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن، ئامادەن هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام هەریەکە مەرجی خۆی بۆ کێشە ئاڵۆزەکان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ