رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، سوورن لەسەر سەرخستنی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە.
رۆژی سێشەممە، 18ی ئایاری 2025، پەیەدە و ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرشتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، ئەوجۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ هەردوولایەنی کوردی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکخستنی ریزیی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا کۆبوونەوە. هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کوردی. بۆ هەبوونی سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، ئێمە لەسەر ئەوە سوورین کە ئەم دیالۆگە سەربخەین."
هاوکات، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای جەژنی نەورۆز دووبارە هەردوولا کۆدەبنەوە بۆ دیاریکردنی ئەو لیژنە هاوبەشەی کە پێکەوە دەچنە دیمەشق.
پەیەدە باڵی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەی هەیە کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.
چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەم کۆبوونەوەیە، کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر بەرەو یەک گوتاری و نزیکبوونەوە لە یەکدی بچن تاوەکو هەڵوێستی کورد بەرامبەر دیمەشق یەکگرتووتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ