یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری وزە گەیشتە هەرێمی کوردستان

17-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری وزە گەیشتە هەرێمی کوردستان و سبەی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەگات بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 17-02-2025، ئایشە بەڕیس ئێکینجی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری وزە و ئانل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و شاندی یاوەرییان بە سەردانێک گەیشتنە هەولێر.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا لە فەرمانگە و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان پێشوازیان لێکرا. 
 
بڕیارە شاندی میوان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوە فەرمی بکەن.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 17-02-2025، گوتی: "سبەی شاندێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی".
 
بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق: "پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە. بەغدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت".
 
رۆژی یەکشەممە 16-02-2025، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  گوتی، ئەو بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوو بابەتی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە هەولێر گەنگەشە بکات. دەکرێت ئەمە ببێتە نەخشەڕێگەی کردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەرچەندە گوتیشی، دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ بەغدا دەبنە دیارخەری ئەوەی چەند نەوت بۆ بەکاربردنی نێوخۆ دەستنیشان دەکرێت.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا لە لای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان هەناردە بکەین. ئێمە پێشبینی دەکەین کۆتایی مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
 
25ـی ئاداری 2023، هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێل کردووە. 
 
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی 2ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە