داعش هێرش دەکاتە سەر گوندێکی سنووری دووبز؛ شەهید و بریندار هەن

18-02-2020
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
گوندی چەخماخە
گوندی چەخماخە
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، داعش هێرشی کردووەتە سەر گوندی چەخماخە لە سنووری دووبز و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و خەڵکی گوندەکە روویداوە و بەهۆیەوە چوار هاونیشتمانی شەهیدبوون و دووی دیکە بریندارن.
 
هاونیشتمانییەکی گوندی چەخماخە بەناوی سالار سابیر کە لەنێو گوندەکەیە بە رووداوی راگەیاند، داعش هاتووەتە نێو گوندەکە و دەستڕێژی گولـلەی لە دووکانێک کردووە کە گەنجان لێی کۆدەبنەوە و نێرگەلەی لێدەکێشن. 

بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تەرمی شەهیدەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی برینداریش بوونە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک گوێزراونەتەوە.

 

هەر لەبارەی رووداوەکە عومەر شاسواری، لێپرسراوی کۆمیتەی چەخماخەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چەکدارەکان لەناکاوێکدا هاتنە سەر گوندەکەیان، ئەگەرچی خەڵکی گوندەکە رووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام چوار هاونیشتمانی شەهیدبوونە و سێی دیکە بریندارن". 

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک چەکداری داعش بە ماتۆڕسکیل چوونەتە نێو گوندەکەوە و تەقەیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە. "پێشتریش خەڵکی ئەو گوندە هۆشدارییان لەبارەی داعش دابوو". 
 
هاونیشتمانییەک کە یەکێک لە بریندارەکان خاڵی ئەوە و ئەو دووکانەش کە تەقەی لێکراوە هی خاڵیەتی، دەڵێت، خەڵکی گوندەکە شەوانە بۆ کاتبەسەربردن لەو دووکانە کۆدەبنەوە، هەر لەوێش تەقەیان لێکراوە، دوای ماوەیەکی زۆریش ئینجا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە".

 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەوانەی شەهیدبوون ناوەکانیان بەمشێوەیەن: 
 
عەلی ئەحمەد دەروێش، لە دایکبووی 1998 
 
مەحموود ئیبراهیم خورشید، لە دایکبووی 1995
 
ئەحمەد جاسم خزر، لە دایکبووی 1999 
 
مەریوان سیروان، لە دایکبووی 1995

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە