پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە؛ 'بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێندرا'

17-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشدا دەڵێن، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و هاوهەڵوێست بوون لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. ئاماژەیان بەوەشکردووە، گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ـەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە 17-12-2024، لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. هۆشیار زێباری، سەرۆکایەتیی شاندی پارتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی دەکرد.
 
لە دوای کۆبوونەوەکە هەردوو حیزب راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان باسیان لێکراوە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا".
 
بابەتێکی دیکەی نێو کۆبوونەوەکە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون بە زووترین کات لەسەر ئامادەکاریکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ دروستکردنی بنەمایەک بۆ حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان".
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی دا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیاریاندا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.
 
20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پارتی زۆرینەی کورسییەکان و یەکێتی دووەم زۆرترین کورسییان بەدەستهێنا و تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.
 
جارێکی دیکە و هەر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەردوو حیزب لە 30-11-2024 لە سلێمانی کۆبوونەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە