چیرۆکەکانی دادگە؛ ئەو گەنجەی بە ئۆتۆمبێل کەسێک دەکوژێت و رادەکات

17-12-2023
عەبدولباست فەرهادی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو رۆژەی کۆلێژی تەواوکردبوو زۆر دڵی خۆش بوو، دایک و باوک و براکانی هەموویان لە دەوری کۆبووبوونەوە و پیرۆزباییان لێدەکرد. لە سەرووی هەموویانەوە، باوکی بە خەڵاتێک کوڕەکەی سەرسام کرد، خەڵاتەکە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل نوێ و گرانبەها بوو، بەڵام کەسیان نەیاندەزانی ئەو ئۆتۆمبێلە دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی کوڕەکەیان.
 
ئەو کوڕە گەنجەی هێنرابووە دادگە و بەتۆمەتی کوشتنی کەسێک دادگایی دەکرا لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو. دایک و باوکی زۆریان خۆشدەویست و زۆر دڵیان پێی خۆش بوو. ئەو رۆژەی کە کۆلێژی تەواوکرد، باوکی دیارییەکی گرانبەهای پێشکێشکرد و ئەویش لە دڵخۆشییان هەموو هاوڕێکانی داوەت کرد.
 
هەموو هاوڕێکانی کۆکردەوە و شەو چوونە یانەیەکی مەیخواردنەوە. کێشەکان لێرەوە دەستیان پێکرد، گەنجەکە هێندە مەی خواردەوە کە بەتەواوی ئاگای لە خۆی نەمابوو. دوای دانیشتنەکە، یەکێک لە هاوڕێکانی داوای لێکرد کە ئەو ئۆتۆمبێلەکە لێبخوڕێت و بیگەیێنێتە ماڵەوە، بەڵام گەنجەکە رەتی کردەوە و گوتی، "دڵم نایەت ئەو ئۆتۆمبێلە جوانە بدەمە کەس."
 
بە هەرجۆرێک بوو ماڵئاواییان لە یەکدی کرد و هەر یەکەیان بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتن. گەنجەکە دوای ئەوەی لە هاوڕێکانی دوور کەوتەوە، سەیری گێچی ئۆتۆمبێلەکەی کرد، بینی تاوەکو 280 کیلۆمەتر/کاژێر دەتوانێت لێبخوڕێت. بۆیە بڕیاریدا بچێتە دەرەوەی شار و لەو شەقامە چۆڵانە کەمێک خێرا لێی بخوڕێت.
 
کاتێک گەڕایەوە نێو شار، چونکە درەنگی شەو بوو، شەقامەکان چۆڵبوون، ئەویش هەر بە هەمان خێرایی دەرەوەی شار لێی دەخوڕی و گوێی بە هێماکانی هاتووچۆ نەدەدا. 
 
لە ناکاو لەسەر شەقامی شەست مەتریی هەولێر پیاوێکی پاسکیلسوار هاتە بەردەمی و ئەویش بە هەموو خێرایی خۆیەوە لێیدا. کەسەکە چەند مەترێک بەرزبووەوە و کەوتە سەر زەوی. ئەوە یەکەمجار بوو تووشی رووداوێکی لەو شێوەیە ببێت. بە ترس و لەرزەوە سەیرێکی دەوروبەری کرد، بینی ئەو کەسەی کە لێی داوە دۆخی زۆر خراپە و ئەگەری زۆرە بمرێت. گەنجەکە زۆر شڵەژابوو، نەیدەزانی چ بڕیارێک بدات، ئەگەر بیگەیێنێتە نەخۆشخانە و بمرێت، تووشی کێشەی زۆر دەبێت و هەموو ژیانی لێ تاڵ دەبێت، بۆیە بڕیاریدا بەجێی بهێڵێت.
 
ئەو شەوە شەوێکی زۆر قورس بوو بۆ گەنجەکە. سەرەتا بڕیاریدا کە ئۆتۆمبێلەکەی بشارێتەوە، بۆیە بردیە یەکێک لە کۆگەکانیان و لەوێ پەردەی بەسەردا دا و بە پاسەوانی کۆگەکەی گوت، "نابێت کەس بزانێت ئەو ئۆتۆمبێلە لێرەیە". بەو دۆخە شڵەژاوە و شێواوە هەرچۆن بوو خۆی گەیاندە ماڵەوە و چووە ژوورەکەی و نووست.
 
رۆژی دواتر کە لە خەو هەستا کەم کەم بیری کەوتەوە کە تووشی چ کارەساتێک بووە. نەیدەزانی چی بکات، پێی باش بوو کە سەرتا بە دایکی بڵێت، بەڵکو ئەو بتوانێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە. کاتێک بە دایکی گوت، دایکی زۆر ترسا بوو، بۆیە بە هاوژینەکەی گوت کە کوڕەکەیان تووشی رووداوێک بووە.
 
کاتێک باوکی بە بابەتەکەی زانی، زۆری پێ ناخۆش بوو. قسەی لەگەڵ پارێزەری کۆمپانیاکەیان کرد، بۆ ئەوەی بزانێت کە کەسێک تووشی رووداوێکی وەها بووبێت، سزاکەی چییە. پارێزەرەکەش لە جێی ئەوەی رێنوێنیی بکات بۆ ئەوەی کوڕەکەی رادەستی یاسا بکات، رێگەیەکی دیکەی بۆ دانا.
 
ئەوان وا رێککەوتن کە لای پۆلیس سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان دزراوە، بۆ ئەوەی ئەگەر رووداوەکە لە کامێراش تۆمارکرابوو و بڵێن ئۆتۆمبێلەکەیان دزراوە و دزەکە تووشی ئەو رووداوە بووە. ئۆتۆمبێلەکەیشیان بردە گوندێک لەوێ شاردیانەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە پاسکیلسوارەکەش تاوەکو بەرەبەیان خوێنی لێڕشتبوو و هاوار و ناڵەی کردبوو، بەڵام کەس بە هانایەوە نەچووبوو، دوای چەند کاژێرێک چەند کەسێک کە دەچوونە مزگەوت، بینیان و بەپەلە گەیاندیانە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، لەوێ پۆلیس گوتەی لێوەرگرت. باسی ئەوەی کرد کە تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و رەنگ و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکە چی بووە. پاسکیلسوارەکە دوای دوو شەو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
پۆلیسیش لێکۆڵینەوەکانی چڕکردەوە و هەموو کامێراکانی ئەو رێگەیان لێدایەوە تا ئەو شوێنەی کە بینییان ئۆتۆمبێلەکە دەچێتە کۆگەیەک. لە بنکەکانی دیکەی پۆلیس ئەو زانیارییەیان وەرگرتبوو کە ئەو ئۆتۆمبێلە دزراوە.
 
پۆلیس چووە کۆگەکە، ئۆتۆمبێلەکەیان نەدۆزییەوە، بەڵام پارچەیەکی ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزییەوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت پارچەی هەمان ئۆتۆمبێلە. بۆیە گومانیان بۆ دروست بوو کە ئۆتۆمبێلەکە دزرا بێت.
 
دوای چەند رۆژێک لە لێکۆڵینەوەی زیاتر، پۆلیس بۆی دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلەکە براوەتە گوندێک و لەوێ شاردراوەتەوە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزییەوە، هەموو شتێک روون بووەوە.
 
کوڕەکەیان بانگ کرد بۆ لێپێچینەوە. سەرەتا باوکی گەنجەکە گوتی، "من شۆفێریم کردووە و من لە پاسکیلسوارەکەم داوە"، چونکە پێی وابوو کە ئەگەر کوڕەکەی لەو تەمەنەدا بچێتە زیندان، فێری تاوان دەبێت و دواتر بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێت.
 
دوای لێپێچینەوەی زیاتر لە رووداوەکە، پۆلیس بۆی دەرکەوت کە ئەو شەوە باوکی لە ماڵەوە بووە و کوڕەکەش لە یانەیەکی مەیخواردنەوە بووە. تەنانەت پسووڵەی مێزەکەشیان دۆزییەوە و زانییان کە گەنجەکە خواردنەوەی کحولی زۆری خواردووەتەوە. بۆیە کوڕەکەیان بانگ کرد و ئەویش زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکەیدا نا.
 
رەنگە ئەگەر پاسکیلسوارەکەی جێنەهێشتایە و زوو بیگەیاندایەتە نەخۆشخانە، ئەو پیاوە گیانی لەدەست نەدایە و کێشەکە ئەوەندە گەورە نەبووایە، بەڵام ئەو هەڵەیە هەموو ژیانی تێکدا.
 
بنەماڵەی پاسکیلسوارەکە ئەگەرچی دۆخی داراییان باش نەبوو، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکیان لە خێزانە دەوڵەمەندەکە قبووڵ نەکرد و گوتیان، "لە خوێنی باوکمان خۆش نابین و دەبێت تاوانبارەکە بەتووندترین شێوە سزا بدرێت."
 
بەو شێوەیە گەنجەکە سزادرا و موڵک و ماڵی باوکی بە فریای نەکەوتن.
 
عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە کە لە هەولێر روویداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی وان

ئەم ساڵ 40 هەزار گەشتیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی وانیان کردووە

سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاریی وان رایگەیاند، ئەم ساڵ 40 هەزار گەشتیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە شارەکە. لەبارەی ئاماری گشتیی گەشتیارانیش، ئەو بەرپرسە گوتی، "ژمارەی گەشتیاران کەمبووەتەوە".