رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت حکومەت وەکو فەرمانبەر مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەڤاناندا بکات، لەو چوارچێوەیەشدا بەگوێرەی مەرجەکان زەوییان بەسەردا دابەش بکات.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە یاسای ژمارە 35ی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، حکومەت وەکو فەرمانبەر مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات. ئێستا بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و دامەزراوانی دیکە دراوە. داوا دەکەین ئەو دابەشکردنە رۆژنامەنووسانیش بگرێتەوە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، "دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا دا، ئێمەش لە رێگەی نووسراوەوە داوامان لە بەڕێز سەرۆکی حکومەت کرد کە زەوی بەسەر رۆژنامەنووسانیش دابەش بکرێت."
بە گوتەی ئازاد حەمەئەمین، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر رۆژنامەنووساندا بدات، ئەوان لە پێدانی لیستی ناوەکان و بەگوێرەی خاڵبەندی هاوکارییان دەکەن لەپێناو سوودمەندبوونی رۆژنامەڤاناندا.
لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان 8000 ئەندام ناویان تۆمار کردووە و دابەشی سێ بەش کراون، مەشقار، بەشدار و کارا.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە و دابەشکردن بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ