رووداو دیجیتاڵ
دوو برا و هاوژینەکانیان لە رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی ورمێ و سەڵماس، گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 21:00ی شەوی پێنجشەممە لە ملەی قوشچی لە نێوان ورمێ و سەڵماس لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتی جۆری پژۆ و پەیکان روویداوە.
لە رووداوەکەدا چوار کەس لە سەرنشینانی پەیکانەکە گیانیان لەدەستدا، کە دوو برا و هاوژینەکانیان بوون. قوربانییەکان خەڵکی گوندی چەهریقی سەڵماسن و لە ورمێوە گەڕاونەتەوە.
رەزا پەناهی موقەدەم، فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو رووداوە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە گشتی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ملەی قوشچی بۆ تیژڕۆیی و پێشکەوتن لە شوێنی رێگەپێنەدراو دەگەڕێنەوە.
فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رۆژی 08-11-2023 رایگەیاند، لەمساڵی هەتاویدا 371 کەس لەو پارێزگایە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. 20 کەس لە قوربانییەکان لە ملەی قوشچی گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ، ئەم ساڵ رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایە 50٪ و رێژەی قوربانییەکان 20٪ زیاترە لە ساڵی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ