تەقینەوەیەک لە سلێمانی روویدا

17-11-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیک شوقەکانی گۆیژە ستی سێ "تەقینەوەیەک روویدا" و بەهۆیەوە سێ خانوو زیانیان بەرکەوتووە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەقینەوەکە بەهۆی سیستمی غازەوە بووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و خانوویەکی سێ قاتیش بە تەواوی رووخاوە.
 
ئەمشەو پێنجشەممە، 17-11-2022، لە خانوویەکی گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تەقینەوەکە بەهۆی غازی LPG بووە و گوتی، لە تەقینەوەکەدا تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسیش بریندار بوون.
 
شاهێدحاڵێک قسەی بۆ نزار جەزا، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، ئەو خانووەی کە تەقینەوەکە تێیدا روویداوە سێ قاتە و بە تەواوی رووخاوە. گوتیشی، "چەند کەسێک لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە ماونەتەوە و تائێستا دەرنەهێنراون." 
 
شاهێدحاڵێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد، ئەو ماڵە میوانیان هەبووە و قەرەباڵخ بووە. گوتیشی، "تەرمی کەسێکمان دەرهێنا و چەند کەسێکی دیکەیشمان بە برینداری رزگار کرد، بەڵام رەنگە نزیکەی 20 کەسی دیکەیش لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکە مابن."

 

 
عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی فریاکەوتنی سلێمانی رایگەیاند، "کاژێر 07:45 خوولەکی ئەمشەو رووداوەکە لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی روویدا و دوو خانوو بەتەواوەتی رووخاو و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە و بەهۆیەوە 12 بۆ 15 بریندار گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. تائێستاش پێدەچێت هەندێک کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان مابنەوە."
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی فریاکەوتنی سلێمانی باسی لەوە کرد، "10 تیمی فریاکەوتنی خێرا لە شوێنی رووداوەکەن بۆ گواستنەوە و فریاکەوتنی بریندارەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاسایش و پۆلیسیش سەرقاڵی گەڕان و دەرهێنانەوەی ئەو کەسانەن کە ئەگەر هەیە لەژێر داروپەردووەکەدا مابنەوە."

 

 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، پێش تەقینەوەکە زیاتر لە 20 کەس لە خانووەکەدا بوون و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە گیانلەدەستدانی پێنج کەس دەکرێت کە ژن و منداڵیشیان تێدایە. گوتیشی، کۆبوونەوەی ئەو خێزانە بۆ ناولێنانی منداڵێک بووە.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لەژێر خانووە رووخاوەکەدا ماونەتەوە و خەڵکێکی زۆریش چوونەتە شوێنی رووداوەکە. 
 
 
سامان نادر، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 9 کەسیش بەهۆی تەقینەوەی خانووەکە و دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیش بریندارن.
 
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی گوتیشی، "لە رەسیدی خوێن هیچ کێشەیەکمان نییە و هەموو پزیشکێک لە پسپۆڕیی جیاواز ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و هەموو تیمە ئێشگگرەکان و نزیکەی 15 تیمی ئەمبوڵانسیش لە شوێنی رووداوەکەن."

 

  
 
کەسوکارێكی ئەو ماڵەی کە تەقینەوەکەی تێدا بووە دەڵێت، "ماڵی ماممە و میوانیان هەبووە. لەنێوان 20 بۆ 30 کەس لە ماڵەکە بوون و 7 بۆ 8 کەس رزگاریان بووە کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە. پێشبینی دەکەم زیاتر لە 12 کەس لەژێر داروپەردووی خانووەکە مابنەوە."
 
ئەو کەسوکارەی خاوەن ماڵەکە باسی لەوەش کرد، ئەوان لە "کۆبوونەوەیەکی خێزانی دا بوون و کوڕ و کچی مامم و ماڵی چەند ئامۆزایەکیشم لەوێ بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە

بەڕێوەبەری پێشووی گرتووخانەی ئیلام لە رووبارێکدا خنکا

سەفدەر فولادی، بەڕێوەبەری پێشووی گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام لەنێو رووباری سێمەرە خنکا و دوای دوو کاژێر، تەرمەکەی چەند کیلۆمەترێک لە خوارووتر و لە قەراخ رووبارەکە دۆزرایەوە