قایمقامێکی تورکمان بۆ قەزای خورماتوو هەڵبژێردرا

17-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەستی بە گۆڕانکاری لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکەدا کرد و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پزیشکێکی تورکمانی شیعەی بە قایمقامی قەزای خورماتوو هەڵبژارد.
 
فەخری ساڵح، گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024دا ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە کۆی دەنگ دکتۆر زوڵفەقار حەسەن سەلمانی بە قایمقامی خورماتوو هەڵبژارد و لە شوێنی د.حەسەن زەینەلعابدین دەستبەکاربوو کە ئەوەی دووەمیان بەهۆی تەمەنییەوە خانەنشینکرا."
 
هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری دا بە هەمیشەییکردنی فارس موشرف عەبید دا، دوای ئەوەی بە وەکالەت بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی حەجاجی وەرگرتبوو.
 
گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین گوتی، گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان بەردەوام دەبن.
 
قایمقامە نوێیەکەی قەزای خورماتوو تورکمانێکی شیعە مەزهەبە و پێشتر بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای کەرکووک.
 
17ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە 13 دەنگ بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە