رووداو دیجیتاڵ
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو و کارمەندەکانی دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤییەوە و دەڵێت، پێویستە میدیای کوردی، شانازی بەو خەڵاتەوە بکات.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئابی 2023، هێڤیدار ئەحمەد لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە گوتی، پێم خۆشە لەڕێگەی ئەم نووسینەوە، لە کانگای دڵەوە پیرۆزبایی خەڵاتی (ستیڤیی نێودەوڵەتی) لە ئێوەی بەڕێز بکەم، چونکە دەزانم چەند ماندوو دەبن لە کارەکانی میدیاییدا کە لە پلاتفۆرمەکانی رووداودا پێشکەشی دەکەن."
هێڤیدار پێیوایە، ئەمە بەرهەمی ماندووبوون و پرۆفێشناڵیی رووداوە کە لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژێردرێت و ببێتە خاوەنی خەڵاتەکە؛ "دڵنیام ئەم خەڵاتە باری سەر شانی رووداوی قورستر کردووە و چاوەرێی بەرنامەی بەهێزترین لە ناوەڕۆکدا و لە کاری پڕۆفێشناڵی و بوێریدا."
رۆژی دووشەممە 14-8-2023 خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ" دەستنیشانکرا.
هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت، "پێویستە میدیای کوردی شانازی بکات کە لەسەر ئاستی جیهان گەشەی کردووە و لەسەر ئاستی باڵای جیهان بگاتە ئەوەی خەڵاتێکی گەورەی پێببەخشرێت."
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەریی هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)، (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)ـە، هەروەها بەهۆی فراوانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیادا بۆ زۆرترین بەکارهێنەر.
لەو بارەیەوە، هێڤیدار ئەحمەد پیرۆزبایی لە هەرسێ پێشکەشکارەکەی رووداو دەکات و بەمشێوەیە باسیان دەکات: "بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بۆ چارەسەری کێشەی گشتی خەڵکە؛ بەرنامەی بەرپرسیار، بۆ چارەسەری کێشەی نێو خێزانی کۆمەڵگایە و بەرنامەی دکتور ئاراس، بۆ چارەسەری نەخۆشی هەر تاکێکە."
هێڤیدار دەشڵێت، رووداو بەرنامەی دیکەشی هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و دەستخۆشیی لە رووداو دەکات و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ