سەرپەرشتیاری پەروێزخان: سکاڵای یاسایی لەسەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماردەکەین

17-08-2023
سیروان عەباس
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رایگەیاند، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ دەروازەی سنووریی پەروێزخان، سکاڵای یاسایی لەسەر کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماردەکەین. گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "لیژنەی چاودێریی دارایی عێراق، سەردانی دەروازە سنوورییەکەیان کردووە و هیچ گلەییەکیان نەبووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 17-08-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، چەندین بەڵگە و تۆماری دەنگی لەبارەی بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکراکرد و بەپێی بەڵگەکان، کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لیژنەی ناردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەروازەکە بە ئاگەداریی بەڕێوەبەری گومرگ و سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان، تانکەرەکانی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە دەروازەکە دوورخراونەتەوە و بەشێکیان براونەتە خاکی ئێران و بەشێکیشیان لە سنووری ناحیەی مەیدان لە گەرمیان راگیراون و شاردراونەتەوە تا لیژنەکە نەیانبینێت.
 
 
بە گوتەی کەریم عەلی، ئێستا پرسی قاچاخ و باری نایاسایی لە دەروازەی پەروێزخان، پرسێکی ئاڵۆزە و تەنانەت بەرپرسان تێوەگلاون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023 هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شاندی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق نزیکەی 10 رۆژ لە هەرێمی کوردستان بوون، سەردانی زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزراەتی دارایی، گومرگ، باج و بەشێکی زۆری خاڵە سنوورییەکان کرد. هەموو هاوکارییەکمان کردن و هەرچییەکیان داواکردبێ خستوومانەتە بەردەستیان. ئەوان زۆر ئاسوودەبوون و ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئەو سیستم و داتایانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لای ئەوان (عێراق) نییە. 
 
هونەر جەمال گوتی، "لە دوو ساڵی رابردوو، هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبووە، وردبینییان لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان، داهاتی نەوت و خەرجی و داهاتەکان کردووە. ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 و لەوکاتەوە هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان هەردوو دیواندا هەبووە". 
 
لەبارەی سەردانی چاودێریی داراییش بۆ دەروازە سنوورییەکان، گوتی: "لیژنەکە تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا سەردانی دەروازە سنوورییەکانیان کردووە و هیچ گلەییەکیان نەبووە". 
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رایگەیاند، "ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کەناڵێکەوە هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر ئیدارەی دەروازەکەمان. ئەو چەواشەکاری و قسە و قسەڵۆکەی لەو کەناڵەوە بڵاویکردەوە، هەموویان رەتدەکەینەوە. سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار دەکەین و داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین خۆیان لە نزیکەوە سەردانی دەروازە سنوورییەکەمان بکەن، ئاگاداری ئەو سکاڵا یاساییەش بن کە لەسەر ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماری دەکەین و بەوهیوایەی قسەکانی ئێمە و ئەوانیش راستییەکان دەربخەن و بزانن کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئێمە کراون ناڕەوایە".
 
عەباس ئیسماعیل گوتی، "نووسراوێکم بۆ ئاسایشی دەروازە سنوورییەکە کردووە و پێمان راگەیاندوون کە هەر پەرلەمانتار، ئەندامێکی ئەنجوومەن یان راگەیێندکارێک دێتە دەروازەکەوە، دەبێ بە هاوئاهەنگیی ئێمە بێت. هەرکەسێکیش بە هاوئاهەنگیی ئێمە هاتبێت، رێگەمان پێیداوە. لەبارەی فرۆشتنی پاشماوەکانی نەوتیش، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و دوور لە راستی".
 
هێمن نووری، به‌ڕێوبه‌رى گومرگی گه‌رمیان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد و گوتی: "ئەو قسانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هیچ بنەمایەکیان نییە و قسەی بازاڕین. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن باسی ئەوەی کردووە 'کە پاشماوەکانی نەوت لە پەروێزخانەوە دەبرێتە دەرەوە و بەبێ گورمرگ سامانی ئەم وڵاتە بەهەدەر دەدرێت' ئەمە دوورە لە راستی و ئەو کۆمپانیایانەی لە دەروازەکە کاردەکەن، هەموویان مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە." 
 
هێمن نووری گوتی، "لای ئێمە گومرگ وەردەگیرێت و هەمووشی دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. هەینی پێشوو 11.08.2023 شاندێکی هاوبەشی چاودێری دارایی عێراق و بەغدا سەردانی پەروێزخانی کردووە، داوای هەرچییەکیان کردبێت، خستوومانەتە بەردەستیان. زیاتر لە پێنج بۆ شەش کاژێر مانەوە و وردبینییان بۆ هەموو کاغەزەکان کردووە و سوپاس بۆ خوا هیچ گلەییەکیان نەبووە و پێیانگوتووین، سەردانی 17 دائیرەیان کردووە، پەروێزخان باشترین بووە".
 
به‌ڕێوبه‌رى گومرگی گه‌رمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی لە کەناڵەکانەوە هەوڵی ناوزڕندنمان دەدەن، ئەو کەسانەن کە بەرژەوەندییە کەسییەکانمان لێرە نەهێشتوون. پێشتریش چەندینجار هاتوونەتە لای من بۆ ئەوەی بە کۆمپانیاکانیان بناسێنم بۆ وەرگرتنی پارە و سەرانە، بەڵام رێگەمان نەداوە. بۆ وەرگرتنی سەرانەش لەلایەن ئەو کەسانەوە، بەڵگەی دەنگ و رەنگمان هەیە و ئەگەر دووبارەی بکەنەوە، هەموو شتێک بڵاودەکەینەوە".
 
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر فراکسیۆنی گۆڕانە، رەخنەی تووندی لە بزووتنەوەکەی خۆیان دەگرێت و دەڵێت، لەسەردەمی ئەم وەزیری داراییەدا کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لەبری چاکسازی، گەندەڵی و دانانی کۆمپانیا لە سنوورەکان زیاتر بوون، بۆیە ئێستا خەڵک ئومێدی بە بزووتنەوەکە نەماوە.
 
گوتیشی: ئێستا شەرم دەکەین بڵێین ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانین و بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە لە حکومەت هیچ پابەند نەبوون بە کارنامە و بەرنامەکانی بزووتنەوەکەوە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە