لە سلێمانی شوێنەواری گوندێک دەدۆزرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ 13 هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

17-06-2023
پێشەوا بەختیار
تیمە هاوبەشەکە ماوەی پێنج ساڵ کنە و پشکنین لەو شوێنەدا دەکات
تیمە هاوبەشەکە ماوەی پێنج ساڵ کنە و پشکنین لەو شوێنەدا دەکات
نیشانەکردن سلێمانی شوێنەوار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تیمێکی شوێنەوارناسی لە چەمی رێزانی سلێمانین و لە گوندی زەرزی هەندێک پارچەیان دۆزیوەتەوە مێژوویان بۆ 13 هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. رۆجیر مارتینز، پرۆفیسۆرە لە زانکۆی ریدینگی بەریتانی و دەڵێ خەڵک لە ئەشکەوتەکانەوە هاتوونەتە ئەم شوێنە، کە دۆڵێکی تێدا بووە و ئاوی پێدا رۆیشتووە، ئەمە وایکردووە ئەم گوندە جێگەی ژیان بێت.
 
ئەو جێگەیەی تیمەکە کنە و پشکنینی تێدا دەکەن، بەپێی لێکۆڵینەوە لەو  پارچانەی لێی دۆزراونەتەوە، مێژووەکەی بۆ 11 هەزار و 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
 
دوو هاوژین کە پرۆفیسۆری شوێنەوارناسین لە زانکۆی ریدینگی بەریتانییەوە هاتوون و لەگەڵ تیمەکەیان سەرپەشتی کنە و پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکە دەکەن، کە دەکەوێتە گوندی زەرزی بە دووری 50 کیلۆمەتر لە سلێمانی. 
 
رۆجەر ماتیوس، سەرپەرشتێکی تیمەکە و پرۆفیسۆر لە زانکۆی ریدینگی بەریتانی دەڵێ "خەڵک لە ئەشکەوتەکانەوە بۆ ئەم شوێنە هاتوون. ئەو کاتە ئەمە سەردەمێکی نوێ بووە، بەهۆی بوونی دۆڵێک کە ئاوی پێدا رۆشتووە، وایکردووە شوێنەکە ببێتە جێگەی ژیانی خەڵک. خەڵک لێرە راویان کردووە و خۆشییان دەربڕیوە و گۆشت و خواردنیان خواردووە".
 
باس لەوەش دەکات گوندەکە بۆ ماوەیەکی کاتی لەلایەن خەڵکەوە ئاوەدان بووە، دەڵێ "بۆ ماوەیەکی کاتی لێی ژیاون، بە بەرد و چەقۆ، کەرەستەیان درەستکردووە، چونکە ئەو سەردەمە سەردەمی پێش کشتوکاڵ بووە".
 
مێژووی ئەو ناوچە شوێنەوارییەی سنووری گوندی زەرزی، بۆ سەردەمی پێش کشتووكاڵ، و سەردەمی چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە. تیمە بەریتانییەکە بە هاوبەشیی شوێنەواری سلێمانی لەماوەی پێنج ساڵدا کنە و پشکنینی بۆ دەکەن.
 
تەنیا لە سلێمانی 18 تیمی بیانی کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری دەکەن.
 
کەمال رەئووف، شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەبارەت بە چۆنیێتیی ژیانی خەڵکی گوندەکە، دەڵێ "بەردیان کردووە بە مووروو، لە ئێسک دەرزییان دروستکردووە و کەرەستەی دیکەیان وەکو جوانکاری بەکارهێناوە".
 
ئەو ناوچە شوێنەوارییە مێژووەکەی لە گوندی چەرموو کۆنترە و دوو هەزار ساڵ لە شوێنەوارەکانی گوندی بێستان سووری شارەزووریش کۆنترە، کە تیمە بەریتانییەکان ماوەی 10 ساڵ کاریان لەسەر کردووە و دۆزینەوەکانی پێنج ساڵی یەکەمی کارەکانیان کراوە بە کتێبێک.
 
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا تەنیا لە 40% رووپێویی شوێنەواریان کردووە، کۆی ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی دۆزراونەتەوەش زیاتر لە پێنج هەزار و 300 ناوچەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە