رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ پلەی گەرما دادەبەزێت و پێشبینی دەکرێت سبەی باران ببارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، چەقی شەپۆلەکە پێنجشەممە و هەینی دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلە دادەبەزێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ، کەشناسی دەڵێت: "ئێوارەکەی نمەباران لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبارێت و دواتر کاریگەرییەکەی درێژدەبیتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی باکوور لەگەڵ کەمێک بەفربارین. هەروەها درەنگانی شەو نمەباران زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە کە هەندێ جار هەورەبرووسکە و تاوەبارانی لەگەڵ دەبێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "سبەی شەپۆلەکە بە لاوازی لە سنووری بادینان و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێرەوە دەستپێدەکات و دواتر درێژدەبێتەوە. بەگشتی کاریگەریی شەپۆلەکە رۆژانی پێنجشەممە و بەتایبەت هەینی دەبێت، کە دەبێتە بارانی سەرتاسەری".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی کرد، ئەگەر گۆڕانکاریی خێرا روونەدات، شەممەی داهاتوو کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 22 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 22 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 23 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 27 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ