پۆلیسی هەولێر دوو بەنگلادیشی بە تۆمەتی "سیناریۆی رفاندن" دەستگیر دەکات

17-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
وێنەی بەنگلادیشییەکە.
وێنەی بەنگلادیشییەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوو هاووڵاتی بەنگلادیشیان دەستگیرکردووە، کە سیناریۆی رفاندنیان دارشتووە، بۆ ئەوەی کەسوکاریان پارەیان بۆ بنێرن.
 
رۆژی دووشەممە، 17-03-2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی کردووە، کە تێیدا کەسێکی بەنگلادیشی بە پەت بەستراوەتەوە، گوایە ئەشکەنجە دەدرێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، ڤیدیۆکە سیناریۆیە.
 
سەرچاوەکەی پەلیس گوتی: "ئەو دوو کەسە دوای دەستگیرکردنیان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، یەکێکیان قەرزداری ئەوەی دیکەیان بووە." گوتیشی: "ئەو دوو کەسە زیاتر لە 10 ساڵە لە هەولێرن."
 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر شەوی دووشەممە لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردوە، دوای ئەوەی هەواڵیان پێگەیشت سەبارەت بە رفاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
 
دوای لێکۆڵینەوە پۆلیسی هەولێر بۆی دەرکەوتووە،"یەکێک لەو هاووڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردووە 12 هەزار دۆلاری بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاورێکانی، بەڵام خێزانەکەی رازی نەبووە، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک لەگەڵ هاورێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمارکردووە کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە تاوەکو خێزانی لەبەرامبەر ئازادکردنی بڕێک پارە بنیرێت."
 
سەرچاوەکەی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەو دوو کەسە یەکێکیان لە دایکبووی 1988ە و ئەوەی دیکەشیان لە دایکبووی 1989یە، بەپێی مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە فێلکردن دەستگیرکراون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە